٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانی یەكیەتیی ئەورووپا ستاییشی حكوومەت و خەڵكی كوردستانی كرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شاندێكی پەرلەمانی یەكیەتیی ئەورووپا لە هەولێرەوە ستاییشی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانیان كرد لە بەرانبەر ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان كە لە هەرێم نیشتەجێن و كۆمەك و یارمەتیی ئاوارەكانیان كردووە.
 
  پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) لە دیوانی پارێزگادا پێشوازیی لە شاندێكی هاوبەشی هەردوو پەرلەمانی یەكیەتیی ئەورووپا و وڵاتی سوید لە پارتی دیموكراتی مەسیحی كرد كە پێك هاتبوون لە  ئەندامی پەرلەمانی یەكیەتیی ئەورووپا و ئەندامی كۆمیتەی پێوەندییەكانی دەرەوەی یەكیەتیی ئەورووپا (لارس ئەدالتۆسۆن) و ئەندامی پەرلەمانی سوید و ئەندامی كۆمیتەی پێوەندییەكانی دەرەوەی یەكیەتیی ئەورووپا (رۆبێرت هالێڤ) و ژمارەیـەك لە هاوكارانیان.

    لە دیدارەكەدا باس لە رەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و رەوشی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و پێشڕەوییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و واقیعی پێكەوەژیانی برایانەی نەتەوە و ئایینزاكانی كوردستان و یەكڕیزییان لە هەمبەر مەترسییەكانی داعش و حەواندنەوە و لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كرد بە هەموو پێكهاتە ئیتنییەكانەوە وەكو نەوایەكی ئارام و دوور لە هەر جیاكارییەكی رەگەزی.
    شاندی میوان وێرای خۆشحاڵبوونیان بەو رەوشەی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان و ئەو سەقامگیرییە سیاسی و ئەمنییەی هەرێمی كوردستان، ستاییشی گەل و حكوومەتی كوردستانیان كرد بۆ سەركەوتنەكانیان بەرانبەر پەلامارەكانی داعش و شكستپێهێنانی مەرام و پیلانەكانیان و یارمەتیدانی ئەو هەموو ئاوارە و پەنابەرانە، كە سەرەڕای نەبوونی بودجە و ئیمكاناتی دارایی ئەو هەموو كار و خزمەتەیان پێشكەش كراوە، بەڵێنی ئەوەیشیان دا لە رێگەی پەرلەمانی یەكیەتیی ئەورووپاوە كۆمەك و هاوكاریی سەربازی و مرۆیی پتر بۆ كوردستان دابین بكەن و پشتیوانیی تەواوی گەل و حكوومەتی كوردستان بكەن لە هەموو بوارێكەوە، چونكە كوردستان ئەمڕۆ لە جیاتی دونیای پێشكەوتوو، شەڕی داعش و تیرۆر دەكات و دەبێ‌ هەموو وڵاتانی دونیا لە ئاست ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیەی هەرێم، كۆمەك و هاوكاریی پێویستی بكەن.
كەنعان بەهاددین
 

هەواڵی پەیوەندیدار