کوردانی ئێزدی نایانەوێ شنگال بکرێتە کانتۆن

شنگال ــkdp.infoــ فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال دروستکردنی کانتۆن لە شنگال بە توندی ڕەت دەکاتەوە و، دەیشڵێت، ھەر کەسێک بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی شنگال بڕیار بدات بە ھیچ شێوەیەک لێی قبووڵ ناکەین؛ تەنیا خەڵکی شنگال خۆیان و، سەرۆک بارزانی دەتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی شنگالیان بدەن.
(قاسم شەشۆ) فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تەنیا خەڵکی شنگال و، سەرۆک بارزانی مافیان ھەیە بڕیار لە بارەی شنگالەوە بدەن؛ نە پەکەکە و، نە یەپەگە مافی ئەوەیان نییە بڕیار لەسەر شنگال بدەن."
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال ڕوونیشی کردەوە: "تاوەکو ئێستا 72 فەرمان بەسەر گەلی ئێزدیاندا ھاتووە و، لە هەشتملیۆن کەس ملیۆنێکیان ماون و، داعشیش چوارھەزاری لێ شەهید کردوونە؛ جا با واز لە خەڵکی شنگال بهێنن و، ئێمە نامانەوێت کێشەمان بۆ بنێنەوە."
لە چیای شنگال پەکەکە ئەنجومەنێکی بۆ دامەزراندنی کانتۆنی شنگال ڕاگەیاندووە، بەڵام، کوردانی ئێزدی بە توندی ڕەتیان کردووەتەوە.
بڵند ئیبراھیم




