سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان: کوردستان تی‌ڤی ڕۆڵى پێشمەرگانەى گێڕاوە و، پاڵپشتیی پێشمەرگەی کوردستان بووە

هەولێر-KDP.info- سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لە شانزەیەمین ساڵیادی دامه‌زراندنی كه‌ناڵی ئاسمانیی كوردستان 'تی‌ڤی'ـدا، ده‌ڵێـت، 'کوردستان تی‌ڤی' لە گەیاندنی ڕاستگۆیانەی هەواڵ و پابەندبوون بە بنەما پیشەییەکانی کاری ڕاگەیاندن و، پاراستنی بەها بەرزەکانی گەلەکەمان، ڕۆڵێکی پڕشنگداری هەبووە. شانازییەکی گەورەی كه‌ناڵی ئاسمانیی كوردستان تی‌ڤی ئەوەیە کە وێڕای ئەوەی یه‌كه‌مین کەناڵی ته‌له‌فزیۆنیی ئاسمانیی كوردستان و عێراقە، لەهەمان کاتدا لە ڕووی پابەندبوون بە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی و، گەیاندنی پەیامی ئاشتی و، پێکەوەژیان و، دەنگی ڕەوای بزاڤی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان، هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا لە پێشەنگدایە.
ده‌قى پەیامی پیرۆزباییی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی كه‌ناڵی ئاسمانیی کوردستانەوە
به ناوی خوای مه‌زن و دلۆڤان
به‌رێزان به‌ڕێوه‌به‌ر و كارمه‌ندانی كه‌ناڵی ئاسمانیی كوردستان تی‌ڤی
لە شانزەیەمین ساڵیادی دامه‌زراندنی كه‌ناڵی ئاسمانیی كوردستان 'تی‌ڤی'ـدا، گه‌رمترین پیرۆزبایی له ئێوه‌ی ئازیز و، خۆشه‌ویست ده‌كه‌م و، هیوای بەردەوامی و، پێشکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
'کوردستان تی‌ڤی' لە گەیاندنی ڕاستگۆیانەی هەواڵ و پابەندبوون بە بنەما پیشەییەکانی کاری ڕاگەیاندن و، پاراستنی بەها بەرزەکانی گەلەکەمان، ڕۆڵێکی پڕشنگداری هەبووە. شانازییەکی گەورەی كه‌ناڵی ئاسمانیی كوردستان تی‌ڤی ئەوەیە کە وێڕای ئەوەی یه‌كه‌مین کەناڵی ته‌له‌فزیۆنیی ئاسمانیی كوردستان و عێراقە، لەهەمان کاتدا لە ڕووی پابەندبوون بە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی و، گەیاندنی پەیامی ئاشتی و، پێکەوەژیان و، دەنگی ڕەوای بزاڤی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان، هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا لە پێشەنگدایە.
لەم ماوەیەشدا کە گەلەکەمان لە شەڕێکی داسەپاودایە لەگەڵ تیرۆریستان، کوردستان تی‌ڤی ڕۆڵێکی پێشمەرگانە و پێشەنگی گێڕاوە بۆ گواستنەوەی هەواڵی بەرەکانی شەڕ و، پاڵپشتیی پێشمەرگەی کوردستان بووە.
هیوادارم کوردستان تی‌ڤی هەروا لە سەرکەوتن و پێشکەوتندا، بەردەوام بێت و، وەک جاران لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و، خۆشویستنی وڵات و، گیانی برایەتی و لێبووردەیی، بەردەوام بن و، هەر لە پێشەنگدا بمێننەوە.
دەستخۆشیتان لێ دەکەم و، هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
مەسعوود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
17/1/2015




