شێخ شامۆ: ئەوەی پەكەكە لە شنگال دەیكات یارییەكی سیاسییە و، بە هەموو شێوەیەك دژی دامەزراندنی كانتۆنین
ئەندامێکی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەوەی پەكەكە دەیكات، یارییەكی سیاسییە، مخابن لەو ڕەوشەی شنگال تێی كەوتووە؛ هێشتا بە تەواوەتی ئازاد نەبووە، لایەنێكی سیاسی نیازی هەیە شنگال بکاتە كانتۆن؛ ئێمە بە هەموو شێوەیەك دژی كانتۆنین و، ناهێڵین لایەنێكی سیاسی بۆ بەرژەوەندیی خۆی، یاری بە ئێزدییەكان بكات.
شێخ شامۆ، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەوەی پەكەكە دەیكات، یارییەكی سیاسیە، مخابن لەو ڕەوشەی شنگال ئێستا تێی كەوتووە، هێشتا شنگال لەسەر دەستی پێشمەرگەی قارەمان تەواو ئازاد نەبووە، كوردستان و سەركردایەتیی سیاسی كوردستان خەریكی شەڕ و ئازادكردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمن، لایەنێكی سیاسی بێت بە ناوی یەپەگە یان بە هەر ناوێكی دیكە بێت، ئەنجوومەنێك لە شنگال دروست بكات، یان دەسەڵاتێك لە شنگال دروست بكات، بەوە دەڵێن، دەستێوەردانێكی سۆروسۆر لە شنگال و، تایبەتمەندیی ناوچەكە، ئەو ئەنجوومەنە لە بەرژەوەندی خەڵكی شنگالدا نییە."
شێخ شامۆ گوتیشی: "جگە لەوەی من ئەندامپەرلەمانم، سەرۆكی دەستەی 'لالش'ـیشم؛ 19 نووسینگە و بنكەی لالش لە سنووری شارۆچكەی شنگالدا هەن، هەموویان دژی ئەو كانتۆنەن، بۆیە ئێمە نەك تەنیا ئەو پلانە ڕیسوا دەكەین، بەڵكو بەرامبەر ئەوان ڕادەوەستینەوە؛ ئەو چەند كەسەی ئەوان لە هۆڵێكدا كۆیان كردوونەتەوە، خەڵكێكی سادە بوونە؛ زۆر بە داخەوە لەو كاتە هەستیارەدا، پەكەكە شتێكی وا بە سەر خەڵكی شنگالدا دەهێنێت."
ڕابین شێروانی




