٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكگرتوو: لە یەکخستنی پێشمەرگەدا، پشتگیری لە نامەكەی سەرۆكی هەرێم دەکەین و، ڕۆڵی بەرێزیان لە بەرەکانی شەڕدا بەرز دەنرخێنین

سەرچاوە: KDP.info

ئەندامێكی سەركردایەتی حزبی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت، یەكگرتووی ئیسلامی بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە نامە حەفت‌خاڵییەكەی سەرۆكی هەرێم دەكات بۆ یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە؛ هەروەها ڕۆڵی جەنابیان لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ بۆ سەركەوتن و دانانی نەخشە و پلان بۆ سەركەوتنی هێزەكانی پێشمەرگە و، ئازادكردنی ناوچەكان بەرز دەنرخێنێت.

غازی حەسەن، ئەندامی سەركردایەتی حزبی یەكگرتووی ئیسلامی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "نامەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ یەكخستنی پێشمەرگە، خاڵێكی زۆر باشە و، ئەو کاتەی یەكگرتووی ئیسلامی ئۆپۆزسیۆن بوو، یەكێك بوو لە پێشنیارەكانی ئێمە. وەك یەكگرتوو بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە سەرۆكی هەرێم دەكەین و، پێویستە بە زووترین كات لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەرکی خۆیان ڕاپەڕێنن و، خاڵ و پێشنیارەكانی سەرۆكی هەرێم جێبەجێ بكەن."
غازی گوتیشی: "پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ڕێك بكەن و، پشتگیری لە سەرۆكی هەرێم بكەن، بۆ ئەوەی هیچ هێزێك لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا نەمێنێت و، هێزێكی نیشتمانی دروست بكرێت."
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی حزبی یەكگرتوو ئاشكرایشی كرد، كوردستان ئەمڕۆ لە بەرامبەر مەترسییەكی زۆر گەورەدایە، خاڵێكی زۆر ئیجابیە كە سەركردەكانی هەرێم و سەرۆكی هەرێم لە سەنگەرەكانی پێشەوەدانە و، پشتگیری لە پێشمەرگە دەكەن؛ مانەوەی سەرۆكی هەرێم مەسعوود بارزانی، بۆ زیاتر لە 4 مانگ لە سەنگەرەكانی پێشەوەدا، هانی هێزەكانی پێشمەرگە دەدات بۆ دانانی نەخشە و پلانی سەركەوتوو.
سەبارەت بە ڕۆڵی پێشمەرگە و ئازادكردنی ناوچەكان، غازی حەسەن گوتی: "هێزەكانی پێشمەرگە ڕۆڵێكی گرنگ و گەورە دەبینن؛ ئەمڕۆ پێشمەرگە نەك تەنیا بەرگری لە خاكی كوردستان دەكات، بەڵكو لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆرستان دەكات؛ ئەو سەركەوتنانەی پێشمەرگەیش سەنگی كوردستان بەهێز دەكات."

ڕابین شێروانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار