دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی 16 ساڵەی دامەزراندنی کوردستان تیڤی پیرۆز کرد

هەولێر-KDP.info- لە (16)هەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی كەناڵی (Ktv) پڕ بەدڵ گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێزو ماندوونەناس و بینەرانی كەناڵەكەتان دەكەین، هیوای بەردەوامی و سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
بۆ كەناڵی ئاسمانی كوردستان (Ktv)
بەڕێزان بەڕێوەبەری گشتی و ستافی بەڕێوەبردن و كارمەندانی كوردستان تیڤی..
لە (16)هەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی كەناڵی (Ktv) پڕ بەدڵ گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێزو ماندوونەناس و بینەرانی كەناڵەكەتان دەكەین، هیوای بەردەوامی و سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.
كوردستان تیڤی وەكو یەكەمین كەناڵی ئاسمانی لە باشوری كوردستان، كە بەر لە (16)ساڵ بە سەرپەرشتی و رێنوێنی سەرۆك بارزانی دامەزرا، قۆناغێكی بەرچاو و دیاری لە بواری كاری میدیایی خستەوەو بە پرۆژەیەكی پێشكەوتووی زانستی و تەكینیكیەوە دەستی بە پەخش كردو مایەی خۆشحاڵیشە، كە توانی پەخشی راستەوخۆی سەرتاسەری جیهان بگرێتەوە.
رۆڵی دەزگاو كەناڵەكانی میدیا لەو رەوشە داسەپاوەی شەڕی تیرۆریستان زۆر هەستیار و گرنگە بەتایبەتیش كاریگەری شاشەی تیڤی، بۆیە (Ktv) وەك هەمیشە بەرپرسانە و راستگۆیانە شانبەشانی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و خەڵكی كوردستان لە سەنگەرەكانی رووبەرووبوونەوەو بەرگری دابووەو بوێرانە بە ئەركی خۆی هەستاوە كە شایانی رێزودەستخۆشیە.
دامەزراندنی كەناڵی(Ktv) هەنگاوێكی گرنگ و گونجاو و بەسوود بوو بۆ تەواوی هاونیشتیمانیان و خزمەتگەیاندن بەو بوارەو هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەو برەودانی زیاتر بە بواری كوولتوری و رۆشنبیری و زمانەوانی و میدیایی.
بەو بۆنەیەوە پاڵپشتی تەواومان بۆ كەناڵی ئاسمانی(Ktv) دووپات دەكەینەوەو هیوای پێشكەوتن و سەركەوتنی زیاتر بۆ یەكەمین كەناڵی ئاسمانی لەسەر خاكی وڵات و پێشەنگی میدیای كوردستانیی، دەخوازین.
ئومێدەوارین ئەو بۆنە پیرۆزە دەرفەتێك بێت بۆ هەنگاوی چاكترو پێشكەوتووتر لە كارەكانتان و پێشخستنی بوارە جۆراوجۆرەكانی كاروبەرنامەكانتان، كوردستان تیڤی لەو ماوەی كاركردنیدا بەهەق بڵندگۆی راستەقینەی پەیامی سیاسی ومیدیایی بووەو بەرجەستەكارێكی بێ نموونەی مافە نەتەوەیی ونیشتمانیەكانمان بووە.
دووبارە پیرۆز بێت(16)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵی كوردستان(Ktv)..
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
16/1/2015




