فەرەنسا ڕەگەزنامە دەداتە لاسانا باسیلی و، (جۆن کێری)یش داوای لێبوردنی لە گەلی فەرەنسا کرد

فەڕەنسا-KDP.info-لاسانا باسیلی یاردەدەرە لە مارکێتی کابرا جووەکە، ڕۆژی ڕووداوەکەی پاریس کڕیارەکانی لە کوشتن ڕزگارکرد.
بیبیسی لە ڕاپۆرتێکدا نوسیوویەتی باسیلی کڕیارەکانی لە کۆگا ساردەکەی مارکێتەکەدا شاردەوە، ساردییەکان و گڵۆپەکانی کۆگاکەی کوژاندنەوە و، بە کڕیارەکانی گوتبوو بێدەنگ بن، تا چەکدارەکان پێتان نەزانن. دواتر باسیلی لە ڕێگەی بەرزکەرەوەی کۆگاکەوە دەچێتە دەرەوە و، نەخشەی شوێنەکە بۆ پۆلیس دەکێشێت و ڕزگارییان دەکەن.
(باسیلی) لەسەر ئەو کارە جوامێرییەی گەلی فەڕەنسا سوپاسیان کرد و، بە گشتیی سکاڵانامەیەکیان پڕکردەوە تاکو (باسیلی) ببێتە هاوڵاتیەکی فەرەنسایی.
( لاسانا باسیلی) 24 ساڵان بەڕەچەڵەک خەڵکی (مالی) یە، بۆماوەی 9 ساڵە لە فەڕەنسا دەژیت، ساڵی پار بۆ وەرگرتنی مافی هاووڵاتیبوون فۆرمی پڕکردبۆوە.
حکوومەتی فەڕەنسا داوایەکەی (باسیلی) پێش خست، ڕۆژی سێ شەممەی دادێت (لاسانا باسیلی) لە مەراسیمێکدا ڕەگەزنامەی فەرەنسایی وەردەگرێت.
هەر لە فەڕەنسا جۆن کێری لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ پاریس تاجەگوڵینەی لە شوێنی قوربانیەکان دانا و، لەسەر ئامادەنەبونیشیان لە خۆپیشاندانە یەکڕیزییەکەدا داوای لێبوردنی لە (هۆڵاند) و گەلی فەرەنسا کرد.
(جۆن کێری) جگە لە پۆزش هێنانەوە بە (فرانسۆ هۆڵاندی) گوت: ئازار و ناڕەحەتیەکانتان لەگەڵ ئەو دۆخەی پێیدا تێپەڕیون پێکەوە بەشیان دەکەین.
هۆڵاندیش گوتی: ئێوە پێشتر ئازاری تیرۆرتان لە ئەیلولی (2001) دا چەشتووە، بۆیە دەزانی ئەو ئازارە بۆ وڵات چی دەگەیەنێ، پێویستە بەیەکەوە وەڵامێکی شیاوی تیرۆریستان بدەینەوە.
و/ خالید ئەحمەد




