تۆڕی پرسی کوردستان لە پەرلەمانی سوید پشتگیری بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی

سوید-KDP.info-سەرۆکی تۆڕی پرسی کوردستان لە پەرلەمانی سوید، خاتوو (ئانا لینا سۆرینسۆن) پشتگیری پەرلەمان و تۆڕەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و دووپاتیکردەوە کە، بەڕێگەی کۆڕ و سمینار و کۆبوونەوە و سەردان، پێوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پتەوتر دەکەن.
فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارەچێوەی سەردانەكەیدا بۆ وڵاتی سوید سەردانی پەرلەمانی سویدی كردو و لەلایەن سەرۆكی تۆڕی پرسی كوردستان لە پەرلەمانی سوید (خاتوو ئانا لینا سۆرینسۆن) پێشوازی لێ كرا.
لە سەرەتای دیدارەكەد خاتوو (ئانا لینا سۆرینسۆن) بە ناوی ئەندامانی تۆڕەكە بەخێرهاتنی شاندەكەی كرد و پوختەیەكی دەربارەی كاروچالاكیەكانی تۆڕەكە باس كرد، گوتیشی کە، هەوڵدەدەن لە پێناو زیاتر بەرەوپێش بردنی پەیوەندیەكانی وڵاتی سوید لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئەویش لە ڕێگای سەردان و ئەنجامدانی سمینار و كۆڕ و كۆبوونەوە پیوەندییەکان پتەوتر دەکەن، دواتر داوایكرد كە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پوختەیەك دەربارەی دوایین پرسەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە پێشكەش بە ئامادەبووان بكات.
(فەلاح مستەفا) رۆشنای خستە سەر، پەیوەندی مێژوویی نێوان گەلی كوردستان و سوید و ڕایگەیاند، هاوكاری و پشتگیرییەكانی سوید لە كاتی خۆیدا كردنەوەی دەرگا بوو بە ڕووی گەلی كوردستان، پاشان سوپاسی گروپی كوردستانی لە پەرلەمانی سوید كرد لە هەوڵە بەردەوامەكانیان لە داكۆكی لە گەلی كوردستان لە پەرلەمانی سوید و پێشكەش كردنی پڕۆژەیاسا سەبارت بە پرسی كورد لە پەرلەماندا، بۆیە ئێمە سوپاسی دۆستایەتی و پشتگیریتان دەكەین.
هەر لە ودیدارەدا بەرپرسی فەرمانگە پوختەیەكی دەربارەی گۆڕانكاریەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان و مەترسیەكانی داعشی بۆ ئامادەبووان باس كردو و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی لە پاراستنی ئاساییش و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان لە بڕی جیهانی ئازاد خستە ڕوو.
باسی سەرەتایی هاتنی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و ئەو كۆمەڵكوژیانەی بە تایبەتی دژی كوردانی ئێزیدی و پێكهاتەكانی تر ئەنجامیانداوە بەپێی پێناسەی تاوان جینۆساید بووە، ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان لە ترسی هەڕەشەكانی داعش ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و حكومەتی هەرێمیش لە ئامێز گرتوون و بەپێی توانا هاوكاری پێشكەش كردوون بەڵام بەهۆی نەناردنی بودجە لەلایەن عێراقەوە ئەركی دابین كردنی پێداویستیەكانی قوڕستر كردووە.
(فەلاح مستەفا) داوایكرد كە، وەك دۆستانی كوردستان كاربكەن بۆ زیاتر هاوكاری كردنی ئاوارە و پەناهەندەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕووی مرۆیی و هەوڵی خۆیان بدەن لە دروستكردنی كاریگەری لەسەر كوتلەكانی پەرلەمان بۆ پشتگیری هاوكاری سەربازی بە تایبەتی بۆ پشتگیری كردن لە پێشنیاری حكوومەتی سوید بۆ ناردنی ڕاهێنەرانی سەربازی بۆ عێراق بە مەبەستی مەشقپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و پێشكەشكردنی هاوكاری زیاتر.
جێگەی ئاماژەیە، بەشداربووانی كۆبوونەوە بریتی بوون لە هەر یەك لە ئەندامانی پەرلەمان (ئانا لینا سۆرێنسۆن) و (لاوین ڕێدار) و (شادیە حەیدەری) و (لیێف نیسمد) لە سۆشیاڵ دیموكرات و (مارگێریتا سیدەرفێڵد) لە مۆدێرێتەكان و (دیسێری پێرتهوس) و (پیتەر هاڵیف) لە كریستیان دیموكرات.
تەواوی بەشداربووانی كۆبوونەوەكە پابەندبوونی خۆیان بۆ پشتگیری لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو و بەردەوامی كاركردنیان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەكان.




