٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەمریکا گلۆپی سەوزی بۆ کورد هەڵکرد..رێککەوتنێکی سەربازی کوردی-ئەمریکی بۆ رۆژهەڵاتی ناوین پێویستە

سەرچاوە: KDP.info

تەنیا کوردی

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (باراک ئۆباما) تەنیا ساڵێکی لە حوکمدا ماوە، بەڵام پاشخانی ئەو سیاسەتی کە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناویندا پێڕۆی کردووە بۆ چەندین ساڵی دیکەیش دەمێنێتەوە، بەتایبەت لە چۆنیەتی رووبەڕووبەونەوەی ئەمریکا بەرانبەر تیرۆر و دەستنیشانکردنی هاوپەیمانەکان و پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر ژمارەیەک دەوڵەت کە وەک هەندێ لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران دەڵێن، هێشتا ئەمریکا دۆست و دوژمنەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوین نەناسیون، یان ئەوەتا لێکی جیانە کردوون.
سیناتۆری گەورەی ئەمریکا لە لیستی کۆمارییەکان (جۆن مەککەین)  دەڵێت، (ئۆباما) گوێ بۆ راوێژکارانی  ناگرێت، ئەوەتا نە دیارە داعش لاواز بکات، نە هێزێکی وایش دەنێرێت بۆ عێراق و سوریا کە یەکڕاست داعش لەنێو بەرێت.
سیناتۆرێکی دیکەی ئەمریکا لە لیستی کۆمارییەکان (رێند پاڵ) دەڵێ (ئۆباما) لە ژوورەوەکەیدایەو تا ئیستا نەچووەتەوە دەرەوە، ئەم گوتەی (رێند پاڵ) مەبەستی ئەوەیە کە (ئۆباما) هێشتا لەسەر زەوی رووبەڕووی داعش نەبووەتەوە و تەنیا لە ژوورەکەیەوە سەیری داعشی کردووە. هەروا سیناتۆرەکانی دی، بەردەوام رەخنە لە (ئۆباما) دەگرن کە، تا ئێستا دیار نییە چۆن چۆنی دەیەوێ پیگەی داعش لاواز بکات.
لەگەڵ هەموو ئەو رەخنانەی کە لە (ئۆباما) دەگیرێت، بەڵام ئیدارەی (ئۆباما) دڵنیایی داوەتە هەرێمی کوردستان کە ئەوان وەک ئەمریکایی پشتی هەرێمی کوردستان دەگرن و، لەدواهەمین سەردانیشدا نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا (جۆن ئالن) بەناوی (ئۆباماوە) دڵنیاییدا بە بەرپرسانی باڵای هەرێم و گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکردن کە ئەمریکا لە پشتگیری پێشمەرگە بەردەوامی دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک دیپلۆماتکار و هاووڵاتیانی ئەمریکایی له رووداوگەلێکی ساتەوەختی ئێستای عێراق و رۆژهەڵاتی ناوین، لە‌رووی كه‌ناڵی دیموكراسی و دیپلۆماسییه‌وه‌ هەستێکی سروشتیی و حەزێکی واقیعبینانە بۆ هاوپەیمانێتی ئەمریکا و هەریمی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناویندا دەردەبڕن، کە لە ئێستادا بیر لە دارشتنی هاوپەیمانێتییەکی درێژخایەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن؛ بۆچوونی گه‌ڵیك سیاسه‌مه‌تداری ئه‌و وڵاتەیش‌ لەگەڵ ئەوەن کە ئیدی کاتی دەستنیشانکردنی هاوپەیمانە دڵسۆزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناویندا هاتووە کە یەکێک لەو نەتەوە و هەرێمەی بە شایەنی ئەو هاوپەیمانێتییەی بزانن کوردانی هەرێمی کوردستانن.
بۆچی پێویستە ئەمریکا دەرگای کۆشکی سپی بەرووی کورددا واڵا بکات؟
کورد، چەندین ساڵە لە رۆژهەڵاتی ناویندا تێدەکۆشێت و بناغەی دیموکراتیەتی پتەوکردووە و لە دژی تیرۆر دەجەنگێ، بەڵام وەک پێویست ئەمریکا پشتی نەگرتوون، بۆیە لەئیستادا هەم گەلی ئەمریکا و؛ هەمیش بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەوەن کە، ئیدی بەشێوەیەکی ئاشکرا بێنە سەرهیڵ بۆ ئەوەی ئەو هاوپەیمانێتی و دۆستایەتییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان پتەوتر بکەن و رێککەوتنێکی سەربازی و دیپلۆماسی لە رۆژهەڵاتی ناویندا لەگەڵ کورد واژۆ بکەن.
کورد نایەوێت و نەیویستووە لەئێستادا ئەمریکا لەسەر زەوی بەشداری جەنگی تیرۆر لە خاکی کوردستاندا دژ بە داعش بکات، چونکە کورد پێشمەرگەی هەیە و دەتوانێ رووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە و وەک دیمەنەکانی جەنگیش گەواهی ئەو راستییەن کە داعش چۆن لەسەر دەستی پێشمەرگە توشی شکست هاتوون، به‌ڵكه‌ کورد ده‌یه‌وێ ئەمریکا چه‌كی پێشكه‌وتی بۆ ره‌وانه‌ بكات، له‌وانه‌ تانك، زریپۆش، چه‌كی پێشكه‌وتووی دژه‌ تانك، تۆپی دوورهاوێژ، رۆكێتی پێشكه‌وتوو و لەگەڵ جۆرێک لە هەلیکۆپتەری جەنگی، ئه‌مانه‌ پێویستی هه‌نووكه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌مریكا له‌رووی هێزی ئاسمانییه‌وه‌ پشتیوانی هەرێم بووە و چه‌كی قورسی به‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌داوه‌ وەک بەرپرسانی هەرێم پێشووتر رایانگەیاندووە کە هاوپەیمانەکانمان لە ئاسمانن، لە ئیستایشدا کە هاوکیشەکە گۆڕاوە چه‌ند هۆكارێك وا لە ئەمریکا دەکەن، بەزووی ئەو داواکارییەی هەرێمی کوردستان لەرووی پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە بەجێ بگەیەنێت.

هۆکاری یەکەم: تەشەنەکردنی تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوین و گۆڕانکاری گەورە لە سیستەمی حوکمڕانی ناوچەکەدا

لەمساڵانەدا گۆڕانكاری گه‌وره‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوین روویانداون، به‌تایبه‌ت له‌ سوریا، عێراق، میسڕ، لیبیا و سودان، هەروا چەند وڵاتێکی دیکەیش چاوەڕواندەکریت گۆڕانکاری گەورەیان لێ رووبدەن، ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ بۆ ئه‌مریكا وا ئاسانن نین کە هەزمیان بکات، بەشێوەیەکی راستەوخۆیش گۆڕانکاری بەسەر کاریگەری ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوین دەبێت، رەنگە هەندێ ئاستەنگی نوێیش بۆ ئەمریکا بێنە پێشەوە، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان سیسته‌می حوكڕانییه‌كه‌ی دیموكراتییه‌و له‌گه‌ڵ رۆژئاوادا پێوه‌ندی زۆر باشه‌ و حوكمڕانی له‌ هه‌ریمدا گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ئه‌ورووپاو ئه‌مریكادا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ كورد هاوپه‌یمانێكی سه‌ره‌كی ئه‌مریكایشه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا لەرووی پیوەندی دیپلۆماسی و کەناڵی پێوەندی سیاسی و ستراتیژی و ئابووریشەوە هەرێم تادێ لەگەڵ ئەورووپا و ئەمریکا زیاتر خاڵی لێک تێگەیشتنی زیاتر دەبێ، ئەمەیش وادەکات، ئەمریکا سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی زیاتر بەرووی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.


هۆكاری دووه‌م: ئارامی پێکەوە ژیان و ئاسوودەی رۆژئاوا و ئەمریکا لە سیستەمی حوکمڕانی هەرێمدا

هه‌رێمی كوردستان بە ‌گوێره‌ی یاسا و سیسته‌می حوكمڕانییه‌كه‌ی مافی ته‌واوی به‌ پێكهاته‌ی مه‌سیحی و توركمان داوه‌، هه‌روا ئاینزاكانیش به‌و په‌ڕی ئازادییه‌وه‌ موماڕه‌سه‌ی ئاینییان ده‌كه‌ن نمونه‌ش كوردانی ئێزیدی كه‌ كوردن و به‌و په‌ڕی ئازادییه‌وه‌ موماڕه‌سه‌ی ئاینیی خۆیان ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌م پیكهاتانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و فه‌رمانگه‌كاندا به‌شداری كارایان هه‌یه‌.
هه‌روا ئه‌مریكا له‌كاتی ئازادكردنی عێراقدا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاسوده‌بوون، چونكه‌ خه‌ڵكی كوردستان پێشوازی گه‌رمی له‌ ئه‌مریكا و ئه‌ورووپا كرد و چەندین جار دیپلۆماتکارانی ئەمریکا لە راپۆرتەکانیاندا بۆ بەرپرسە باڵاکانیان دووپاتیانکردووەتەوە کە لە ناوچەکەدا کورد هاوپەیمانی راستەقینەی ئەمریکایین. ئەمە خاڵێکە کەوا دەکات زیاتر ئەمریکا بیر لە بەهێزکردنەوەی ئەو هەرێمە بکاتەوە، چونکە دەستبردن بۆ سەر ئاساییشی هەرێمی کوردستان واتە دەستبردن بۆ پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانی هەرێمێک کە بە تەواوەتی لە دیموکراتیەتدا رەگیان داکوتاوە و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکانیشدا مومارەسەی ژیان و ئازادی دەکەن.


سێیه‌م: لە جیاتی هەموو جیهان کورد شەڕ دەکات
له‌كاتی هاتنی تیرۆریستانی داعش ئه‌مریكا پشتی هه‌رێمی كوردستانی گرت، هه‌روا كورده‌كانیش یه‌كه‌م هیزی سه‌رزه‌ویی بوون كه،‌ رووبه‌ڕووی تیرۆر بوونەوە و؛ له‌ جیاتی گشت وڵاتانی جیهان له‌ جه‌نگی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش شه‌ڕیان كرد. دەوڵەتی تیرۆر کە بەوپەڕی هێزەوە بۆ عێراق و سوریا هێرشیان هێنا، تاکە شوێنێک کە لێی شکستیان برد خاکی هەرێمی کوردستان بوو، ئەمەیش وایکرد جیهان ئەو هەڵوێستەی پێشمەرگە بزانێت کە بوێرانە تا مردن لەجەنگی دژ بە تیرۆر دەجەنگیت، هەروا پێشمەرگە بەچەکی مامناوەندی لە دەسپێکیشدا بە چەکی سووک توانی پێشڕەوییەکانی داعش رابگرێت، ئەمەیش جیاوازی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی دەرخست کە سوپای عێراق بە تەواوی چەکی قورسەوە چەند کاتژمێرێک بەرگەی داعشی نەگرت و مووسڵی چۆڵ کرد و لە چەندین قۆڵی دیکەشەوە رایان کرد، کەچی پێشمەرگە لە گشت قۆڵەکانەوە شەڕیان کرد و داعشیان راگرت. ئەمەش زیاتر جیهانی هێنایە سەر هێڵ کە پێشمەرگە شایەنی پڕچەککردن و مەشق و راهێنان پێکردنە.
ئەمریکا بەتەواوەتی گلۆپی سەوزی بۆ کورد هەڵکردووە کە ئیدی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتیدایە لە جەنگی دژ بە تیرۆر و رەنگە بەزوویش ئەمریکا وەڵامی پڕچەککردنی پێشمەرگە بە ئەرێنی بداتەوە.
ئەگەر ئەمریکا دەرگای کۆشکی سپی واڵا نەکرد ئەوا دەرگای رۆژهەڵاتی لێ رەش دەبێت.
کورد لەهەر کوێیەکی رۆژهەڵاتی ناوین ناوی بەریت بە هێزەوە بوونی هەیە، بەهێزی کورد بۆ پێگەی بەهێزی (سەرۆک بارزانی) دەگەڕێتەوە کە لەنێو کەناڵی سیاسی و دیپلۆماسی جیهانیدا لەپای تەرازووی هیزدا خاوەن قورسایی و سەنگینیەکی یەکجار گەورەیە. ئەو سەرۆکەی کە ئوستوڕەی داعشی شکاند و، بەجارێ خەونەکانی لە رۆژهەڵاتی ناویندا پوچەڵکردەوە ئەمڕۆ ئەو سەرۆکە فیداکار و لایەنگرانی لە هەموو شوێنێکی رۆژهەڵاتی ناوین هەن، سەرۆکی کورد کە (سەرۆک بارزانی)ـیە بە دڵنیاییەوە ئیدی لە رۆژهەڵاتی ناویندا بەبێ راوێژی ئەو هیچ کارتێکی سیاسی ناتوانێت کاریگەری هەبێت، بۆیە ئەگەر ئەمریکا زیاتر بەرەو رووی کورد دەرگاکانی واڵا نەکات، ئەوا بە دڵنیاییەوە گوشارەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوین بەجۆری بۆ دێن، کە دەرگای هاتنە ژوورەوەی لە رۆژهەڵاتدا بەسەر دادەخرێن و بەختێکی رەش یاوەری دەبیت، کە رەنگە بگاتە ئەو رادەی بڵێین ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناویندا ئاستەنگی گەورەی تووش دێت.

ئه‌گه‌ر كورد داوای سه‌ربه‌خۆی كرد هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا چی ده‌بێت؟
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێگەی جیۆگرافی هەرێمی کوردستان یەکجار گرینگە؛ جا لەڕووی سەربازی زیاتر و لەرووی سامانی سروشتییەوە زیاترینە. ئیدی هەرێمی کوردستان لەرووی به‌هێزكردنی پێگه‌ی دیموكراتی رۆژهه‌ڵاتی ناوینیش گرینگه،‌   له‌رووی ئاشتی و پێكه‌وه‌ ژیانی پێكهاته‌كان و سیسته‌می حوكمڕانییشه‌وه‌ جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانی جیهانه‌، ئه‌گه‌ر كورد ویستی سه‌ربه‌خۆی رابگه‌یاند، ئه‌مریكا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پشتگیری هه‌رێم ده‌كات، هه‌روا ئه‌مریكا حه‌زێكی سروشتی هه‌یه‌ كه‌ بنكه‌ی سه‌ربازی له‌ هه‌رێم هه‌بێت، چونكه‌ متمانه‌ی ته‌واوی به‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌و هه‌رێمه‌ هه‌یه،‌ چونکە ئیدی ئەو هەرێمە بۆ لەناوبردنی تیرۆر جەنگاوە و لە جەنگیشە، ئەو هەرێمە ئەگەر بنکەی سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لێ دابنرێت دەبێتە شوێن و هێمایەک بۆ زیاترکردنی ئارامی ناوچەکە لەرووی سەقامگیری ئاساییش و ئەمنیەت.
هەرێمی کوردستان بە دڵنیاییەوە ئەو شوێنەیە کە، ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی ده‌یانه‌وێ بیكه‌ن به‌ هاوپه‌یمانێكی سه‌ره‌كی و درێژخایه‌ن، هه‌روا ده‌شیانه‌وێ كه‌ چه‌كی قورس به‌ پیشمه‌رگه‌ بده‌ن، چونكه‌ پێشمه‌رگه‌ تاكه‌ هیزێكی سه‌ر زه‌وی ناوچه‌كه‌یه‌‌ بتوانێت تیرۆر له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناویندا لاواز بكات.
بۆچی رێککەوتنێکی سەربازی ئەمریکی و کوردی لە رۆژهەڵاتی ناوین پێویستە؟
یەکەم: ناسنامەی راستەقینەی دۆزی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوین لە هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری پێویستی بۆ دەدرێت، بۆیە پێویستە ئەمریکا لەو ناوەندەوە رێککەوتنێک واژۆ بکات تا لەرێگەی بڕیارە سەربازی و جوڵەی بەرگریکردن دژی تیرۆر لە هەرشوێنێک کە پێویستی بە هەماهەنگی کورد هەبێت، لە هەرێمی کوردستانەوە بەدواداچوون و هەماهەنگی و لێکدانەوە و نەخشەی بۆ دابنرێت.
دووەم: سوریا جەنگێکی درێژخایەن و شرۆڤەی دووری پێویستە، بۆیە بەبێ بڕیاری سیاسی هەرێمی کوردستان، ئەو ناوچەیە ناتوانرێ بڕیاری پێویستی بۆ بدرێت، هەروەک بینرا کە چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانی کاریگەری گەورەی لە پاراستی رۆژئاوا هەبوو، رەنگە بۆ داهاتوو چەندین هەماهەنگی دیکەی لەو شێوەیە بۆ شوێنگەلیکی دیکە بێنە بوون کە پێویستی بە بڕیاری هەرێمی کوردستانەوە دەبێت.
سێیەم: چارەنووسی عێراق بەرە و دروستبوونی هەرێمی دیکەن، بۆیە پاراستنی ئەو ناوچانە لە ئاساییش و ئارمی ناوچەکە بڕیاری هەرێمی کوردستانی پێویستە، لەو روانگەیەشەوە ئەمریکا پێویستی بە هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ ئەوەی بڕیاری دروست پیوەست بە عێراق بدات.
چوارەم: دروستکردنی چەند بنکەیەکی سەربازی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە رۆژەڤەو لەو رووەوەشەوە پێویستە رێککەوتنێکی سەربارزی ئەمریکی کوردی هەبێت بۆ چۆنیەتی بەشداری هێزی پیشمەرگەی کوردستان وەک هێزێکی ئاشتی پارێز لە جیهاندا.
پێنجەم: پێویستە ئەمریکا باشترین چەکی پێشکەوتوو بە هێزی پیشمەرگە بدات، چونکە پێشمەرگە ئیدی پارێزەری ئاشتی جیهانە، بۆیەشە ئەو رێککەوتنە پێویستە بیری لێبکرێتەوە و بە هەند وەربگیرێت و بخرێتە نێو خشتەی بەرنامەی داهاتووی هەرێم لەگەڵ ئەمریکادا.

تێبینی-جگە لە شیکردنەوەی پێوەست بەمبابەتە، سوودیشم بینویە لە ماڵپەڕەکانی:
1- the diplomat
2-washington institute
3-usa today
4-ukdf

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار