وەزیری بەرگری سوید: داعش وەک شێرپەنجە وایە بۆ سەر بەهاکانی مرۆڤایەتی..ستاییشی پێشمەرگەی کرد

سوید-KDP.info-وەزیری بەرگری سوید رایگەیاند کە، داعش وەک شێرپەنجەوایە بۆ سەر بەهاکانی مرۆڤایەتی و بە پێویستیشی زانی کە، وڵاتەکەی رۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لەرووی نێودەوڵەتییەوە بۆ پشتیوانی هەرێمی کوردستان..هەروا جەختیشی کرد کە، سوید پشتیوانی هەرێمی کوردستانە و ستاییشی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیشی کرد.
بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، (فەلاح مستەفا) لە سەردانێكیدا بۆ وەزارەتی بەرگری سوید لە لایەن وەزیری بەرگری (پیتەر هولتكڤیست) پێشوازی لێكرا. لە دیدارێكدا، وەزیری بەرگری خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند كە، ئەم سەردانە گرینگە و دەیەوێت لە نزیكەوە گوێبیستی دوایین پەرەسەندنەكانی هەرێمی كوردستان و پرۆسەی سیاسی بێت بە تایبەتی بارودۆخی پێشمەرگە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان.
لە بەرانبەردا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە سوپاسی ئەو پێشوازیە گەرمەی كردو و پوختەیەكی دەربارەی دوایین بەرەوپێشچوونەكانی هەرێمی كوردستان و پرۆسەی سیاسی كرد لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی، هەروەها تیشكی خستە سەر باری ئاساییشی هەرێمی كوردستان و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و كاریگەری هاوكاری هاوپەیمانان لەم جەنگەدا و ڕایگەیاند كە، هاوكاریە سەربازیەكان كاریگەرن، بەڵام هێزی پێشمەرگە پێویستی زیاتری بە هاوكاری و پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە لە ڕووی پێداویستیەوە.
هاوكات پابەندبوونی حكوومەتی هەرێم بۆ بەرگریكردن و پاراستنی خەڵكی مەدەنی بە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینیەكان لە بەرانبەر هەڕەشەكانی داعش. هێزەكانی پێشمەرگە لە هێلەكانی پێشەوەی جەنگن دژی داعش و ئەوەیان سەلماندووە كە هاوبەشێكی باوەڕپێكراون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان.
لە بەرانبەردا وەزیری بەرگری سوید (پیتەر هولتكڤیست) ستاییشی رۆڵی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كرد لە پاراستنی سەقامگیری هەرێم و تیشكی خستە سەر هەوڵەكانی حكوومەتی سوید لە هەڵسەنگاندنی میكانیزمی ناردنی ڕِاهێنەرانی سەربازی بۆ مەشقپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و ڕایگەیاند كە، زۆر گرینگە كە سوید ڕۆڵی هەبێت لە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندەڕەوان لە كاتێكدا كە داعش هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەمووان و وەك شێرپەنجەیە بۆ سەر بە هاكانی مرۆڤایەتی و ئازادی و ئەمەی ئێستاش شەڕێكە لەنێوان جیهانی ئازاد و تاریكی.




