٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سووری ئیماراتی پرۆتۆكۆڵێكی هاوبەشیان واژۆ کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-بەمەبەستی گەیاندنی كۆمەك و هاوكاری و بەهاناوەچوونی زیاتری پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و كارئاسانیكردن بۆیان لە دابینكردنی كەلوپەل و پێداویستیەكانی رۆژانەیان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی مانگی سووری ئیماراتی لە بارەگای سەرەكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەشاری هەولێر پرۆتۆكۆڵێكی هاوبەشیان واژۆ کرد.

ئەمڕۆ لەمیانی سەردانێكیدا بۆ هەرێمی كوردستان و سەردانیكردنی بارەگای دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەشاری هەولێر، ئەمینداری گشتیی رێكخراوی مانگی سووری ئیماراتی (د.محەمەد عەتیق ئەلفەلاحی) و  كونسوڵی ئیمارات لە شاری هەولێر(شێخ راشد محەمەد مەنسور)، لەگەڵ جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(موسا ئەحمەد)  پرۆتۆكۆڵێكی هاوبەشیان بەمەبەستی برەودان بە ئەنجامدانی كاری هاوبەش و یارمەتیدانی زیاتری پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە واژۆکرد.
لە مەراسیمێکدا هەریەكە لە (موسا ئەحمەد) و دكتۆر (محەمەد عەتیق) تیشكیان خستە سەر گرینگی و بایەخی زیاتری ئەم لێكگەیشتنەی كە ئەمڕۆ لەنێوان هەردوولادا واژۆی لەسەر دەكەن كە ئامانج لێی هاوكاریكردن و بەهاناوەچوونی زیاتری پەنابەر و خەڵكانی لێقەوماوە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان.
پاش واژۆکردنی پرۆتۆڵەكە، هەریەكە لە (موسا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دكتۆر (محەمەد عەتیق) ئەمیداری گشتیی رێكخراوی مانگی سووری ئیماراتی لە پرێس كۆنفرانسێكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە میدیاكانی عێراقی و ناوخۆیی و هەرێمی، تیشكیان خستە سەر گرینگی پرۆتۆكۆڵەكەو كاری هاوبەش لەساڵی نوێدا، لەو میانەدا (موسا ئەحمەد) باسی رۆڵ و گرینگی كارو چالاكیەكانی مانگی سووری ئیماراتی كرد لە ساڵانی نەوەدەكانەوە تاوەكو بە ئەمڕۆ دەگات.
سەبارەت بە پرۆژەی چاودێریی ئازیزان كە تایبەتە بە باوانكردنی منداڵانی بێباوك لە هەرێمی كوردستان، جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: مانگی سووری ئیماراتی و وڵاتی ئیمارات رۆڵی بەرچاویان هەبووە لەگرتنە ئەستۆی ژمارەیەكی زۆر لە منداڵانی بێباوك لە هەرێمی كوردستان كە بەهۆی كارەسات و شەڕو نالەباری سیاسییەوە باوكیان لەدەستداوە، هەروەها لەبارەی هاوكاریكردنی پەنابەرانیشەوە، مانگی سووری ئیماراتی رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە هاریكاریكردنی 2 ملیۆن ئاوارە لە هەرێمی كوردستان، لێرەوە ئەوەمان بۆ دەركەوێت كە ئێمە ژمارەیەكی زۆر دۆستی راستەقینەمان هەیە كە لەكاتی تەنگانەو ناخۆشییەكاندا بەدەردەكەون و شوێنی خۆیان لەنێو دڵی هەمووماندا دەكەنەوە و جێگای رێز و خۆشەویستین.
هەر لەو پرێس كۆنفرانسەدا، (موسا ئەحمەد) بەناوی رێزدار (مەسرور بارزانی) كە دامەزرێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانییە، زۆر سوپاسی رێكخراوی مانگی سووری ئیماراتی بكەین بۆ ئەو خزمەتە بەرچاوانەی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە گێڕاویەتی، بۆ ئەمڕِۆش خۆشحاڵین بڕیاریانداوە لە شاری هەولێر ئۆفیسێكی رێكخراوەكەیان بكەنەوە, ئەمەش وادەكات كاری زیاترو خزمەتی باشتری پەنابەران بكەن.
لەلای خۆیەوە (د.محەمەد عەتیق  ئەمینداری گشتیی رێكخراوی مانگی سووری ئیماراتی لەپرێس كۆنفرانسەكەدا ئاماژەیەكی روونیدا بەو كارو چالاكییە هاوبەشانەی كە لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەنجامیانداوە و سەركەوتنی گەورەی تێدا بەدەستهاتووە، چ لەڕووی رێكخستن و دابەشكردن و گەیاندنی هاوكارییەكان بە كەمترین ماوە بۆ ئەو كەس و پەنابەرانەی بەهۆی بارودۆخی سیاسی و ئەمنییەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، سەبارەت بە چۆنیەتی كاركردنی پرۆتۆلۆكەكەش، (د. محەمەد عەتیق) رایگەیاند: ئەم پرۆتۆكۆلە بۆ ساڵێكە، بەڵام ئەزموونی رابردوومان و كاری هاوبەشمان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەی بەخشیوین كە كاری زیاتر و پرۆژەی هاوبەشی گەورەتر پێكەوە ئەنجام بدەین, كە سەرەتا بە پرۆژەی چاودێریی ئازیزان دەستمان پێكرد و ئێستاكەش بۆ هاوكاری پەنابەران پرۆتۆكۆلێكی تر ئەنجام دەدەین، كە بێگومان متمانەو دەستپاكی و گەیاندنی كۆمەك و هاوكاری و یارمەتییە مادی و مەعنەوییەكان بۆ پەنابەران و منداڵانی بێباوك لای ئێمە زۆر گرینگە، بۆیە لەساڵانی رابردوودا بۆمان دەركەوت كە تاكە دەزگا كە بتوانین پشتی پێببەستین و كاری لەگەڵدا ئەنجامبدەین, بێگومان دەزگای خێرخوازیی بارزانییە, چونكە ئەزموونی كاركردنمان لەگەڵیاندا شەفاف و روونەی لای هەردوولامان.
سەبارەت بە چۆنیەتی كاركردنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سووری ئیماراتی لەم پرۆژەیەدا، (موسا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: ئێمە پێشتر لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی پەیوەندی پتەومان هەبووە، ئێمە تیممان هەیە بۆ ئەوەی دیراسەی بارودۆخ و گوزەرانی پەنابەران بكەن و بزانین پێویستی زیاتریان بە چ كەلوپەل و پێداویستیەك دەبێت تاوەكو پێكەوە كاری لەسەر بكەین و بە ئەنجامی بگەیەنین. ئەمەو لەو پرێس كۆنفرانسەدا چەندین پرسیار لەلایەن رۆژنامەنووسان و كەناڵەكانی راگەیاندن ئاراستەی بەرپرسانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سووری ئیماراتی كران, كە سەرجەمیان وەڵامدرانەوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار