گورزی هاوپەیمانان، چاک کاری کردووە لە داعش

عێراق-KDP.info- عێراق بە نێردەی باراک ئۆبامای گوتووە پێویستییان بە هاوکاری زیاتری هاوپەیمانان هەیە تاوەکو بەسەر داعشدا سەر بکەون و، تەواوی ناوچەکانی وڵات ڕزگار بکەنەوە.
هەواڵگەی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا نووسیوویەتی سەلیم جبووری سەرؤكى پەرلەمانی عێراق لە دیداری ژەنەراڵ 'جۆن ئالێن'ـدا پێی گوتووە: "ئەوەندەیی چاوەڕوانمان دەکرد، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانیی عێراقی نەکردووە، هەڵبەت بەشدارییان لێرەولەوێ دەبینین، بەڵام ئەوەندەی کە ئێستا هەیە کەمە بۆ ئەو دۆخە نالەبارەی کە عێراق تێی کەوتووە."
نووسینگەی عەبادیش لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە پێویستە هاوپەیمانان تین و تاقەتیان زیاتر بکەن و، بە گوڕتر لە ئاسمانەوە داعش بکوتن و، بەرنامەی ڕاهێنانی هێزە عێراقیەکانیش فراوانتر بکەن.
جێی باسە ژەنەراڵ جۆن ئالێن، وێڕای دەربڕینی گەشبینیی خۆی بە گورزەکانی هاوپەیمانان لە داعش، گوتیشی هاوپەیمانەتییە جیهانییەکەمان لە دژی داعش بەهێزتر بووە، ئێستا هەموومان لە ئەرکێکی هاوبەشداینە بۆ گەلی عێراق و وڵاتەکەیان. منیش ئەوەتا خۆم بۆ ئەو کارە دەچمە ئەملاوئەولا و، داوای کۆمەک دەکەم.
و/ خالید ئەحمەد




