ڕۆژی سێشه‌ممه بوودجه‌ی 2015 په‌سه‌ند ده‌كرێت… داواكراوه پله‌كانی دامه‌زراندن بۆ هه‌رێمی كوردستان بکرێتە 17%

به‌غدا-KDP.info- ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت، په‌رله‌مانتارانی لایه‌نگری نووری مالیكی دژی بوودجه ده‌وه‌ستنه‌وه و، نایانه‌وێت بوودجه په‌سه‌ند بكرێت و، دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد له‌ناو بوودجه ناره‌زایی ده‌رده‌بڕن، به‌ڵام ئه‌وان ڕێژه‌یه‌كی كه‌من و، هیچیان پێ ناكرێت و، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی دادێ، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كۆ ده‌بێته‌وه و، بوودجه په‌سه‌ند ده‌كرێت.
نه‌جیبه نه‌جیب، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "لای كورد بوودجه‌ی ئه‌مساڵ زۆر باش بووه و، زۆربه‌ی تێبینی و مه‌رجه‌كانی كورد له بوودجەکەدا جێگیر كراون، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌نی دیكه به تایبه‌تی په‌رله‌مانتارانی نووری مالیكی دژی بوودجه‌نه و، نایانه‌وێت بوودجەکە په‌سه‌ند بكرێت و، مه‌رج و تێبینیه‌كانی كورد له بوودجه جێگیر بكرێت، به‌ڵام هیچیان پێ ناكرێت."
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی ئاشكرایشی كرد، پڕۆژه‌یاسای بوودجه دوای ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می بۆ كرا، ئێستا لیژنه‌ی دارایی خوێندنه‌وه بۆ وته و تێبینییه‌كانی په‌رله‌مانتاران ده‌كات و، تا ڕۆژی سێشه‌ممه، لیژنه‌ی دارایی ڕاپۆرتەکەی خۆی ئاماده ده‌كات و، له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا ده‌خوێندرێته‌وه و، دوای ئه‌وه بوودجه گشتییەکەی 2015ـی عێراق په‌سه‌ند ده‌كرێت.
نه‌جیبه گوتیشی: "ئه‌ندامانی كورد له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران داوای بوودجه‌یه‌كی تایبه‌تیان بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه كردووه، كه وه‌ك پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق بوودجه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ دابین بكرێت؛ هه‌روه‌ها داوامان كردووه پله‌كانی دامه‌زراندن بۆ هه‌رێمی كوردستان بکرێتە 17%، كه ئێستا له 55هه‌زار پله‌ی دامه‌زراندنەکە، ته‌نیا 2411 پله بۆ هه‌رێم دیاری كراوه."
ڕابین شێروانی




