عەدنان کەرکوکی: دروستکردنی میلیشیا لە کەرکووک مەترسیدارە
__2015_01_14_h20m41s26__LB.jpg)
کەرکووک-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک_گەرمیان دەڵێت، دروستکردنی ھێزی میلیشیا لە شاری کەرکووک مەترسیدارە و رەنگە بە ھەمان شێوەی سوپای عێراق لە یەکەم روبەڕووبوونەوەدا چەکەکانیان فڕێبدەن و ھەڵ بێن.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک_گەرمیان (عەدنان کەرکوکی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند:"لە شاری کەرکووک پێویست بەوەناکرێت ھێزی میلیشیا دروست بکرێت، چونکە دیاردەی چەکداری لەناوچەکە زیاد دەکات و جگە لەوەیش ھێزی پێشمەرگە ناوچەکە دەپارێزێت و توانیویەتی بە باشی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، بۆیە دروستکردنی میلیشیا پێویست ناکات.
(عەدنان کەرکووکی)گوتیشی، ھەر ھێزێک دروستبکرێت پێویستە لەچوارچێوەی ھێزی پێشمەرگە یاخود سوپای عێراق بێت، چونکە دروستکردنی میلیشیا بەم شێوەیە خزمەت بە ناوچەکە ناکات.
هەروا رونیشی کردەوە، دۆخی کەرکووک لە مووسڵ جیاوازە، چونکە لە کەرکووک ھێز ھەیە، بەڵام مووسڵ ھێزی پێویستە بۆ ئەوەی رزگار بکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ترسمان ھەیە ئەو ھێزەی دروستدەکرێت بەھەمان شێوەی سوپای عێراق لە یەکەم روبەڕووبونەوە شکست بھێنن و ھەڵ بێن و چەکەکانیان فڕێبدەن، دواتریش چەکەکان بکەونە دەستی خەڵکانی دیکە و مەترسی بۆ سەر ئەمنیەتی ناوچەکە دروست بێت.
بڵند ئیبراھیم




