سەرۆک بارزانی: خەڵك بە باشی لە ماهییەتی داعش گەییشتووە و هیچ ئاییندەیەكیان نابێت

هەولێر-KDP.info-(سەرۆک بارزانی) لە پێشوازی ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی (ئەیاد ئەمین مەدەنی) رایگەیاند کە، ئێستا بەهۆی خۆڕاگریی پێشمەرگە هاوكێشەكان گۆڕاون و خەڵك بە باشی لە ماهییەتی داعش گەییشتووە و هیچ ئاییندەیەكیان نابێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی 14ـی 1ـی 2015 لە شاری هەولێر (سەرۆک بارزانی) پێشوازی لە ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی (ئەیاد ئەمین مەدەنی) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی سوپاسی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و خۆشحاڵیی خۆیشی بە (سەرۆك بارزانی( ڕاگەیاند كە، سەردانی كوردستانی كردووە و ستاییشی ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) كرد كە، دەستی هەبووە لە بنیاتنانی سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان لە ناوچەیەك كە پڕە لە كێشە و قەیران و ململانێ و ڕایگەیاند بەدیهێنانی ئەو سەقامگیرییە كارێكی ئاسان نییە. ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی دەستخۆشی لە خۆڕاگری و قارەمانێتیی پێشمەرگەی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان و هیوایشی خواست كە لە ئاییندەیەكی نزیكدا كۆتایی بە هەڕەشەی تیرۆریستان بێت و عێراق بتوانێ سەقامگیریی خۆی بەدەست بهێنێت و هەموو پێكهاتەكان بە ئازادی پێكەوە بژین و مافی هەموو لایەك بدرێت. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی كورتەیەكی لەبارەی چالاكیی و بەرنامەی كاری ڕێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ڕۆڵی ڕێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی لە نزیككردنەوەی بۆچوونەكان و چارەكردنی كێشەكانی وڵاتانی ئیسلامی و هەروەها هاوكاریی مرۆڤی بە كاریگەر وەسف كرد. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر و گەشەكردنی لە عێراق بۆ شاندی میوان باس كرد و ئەوەیشی دووپات كردەوە كە تیرۆریستانی داعش بەڵا و نەهامەتین بۆ سەر ناوچەكە و دوژمنی هەموو جۆرە بیركردنەوە و ئایین و مەزهەبێكن. ئەوان چەك و ئیمكانیاتی دوو دەوڵەتیان كەوتە دەست و پەلاماری خەڵكی بێتاوانیان دا و تاوانی زۆر گەورەیان ئەنجامدا. بەڵام ئێستا بەهۆی خۆڕاگریی پێشمەرگە هاوكێشەكان گۆڕاون و خەڵك بە باشی لە ماهییەتی داعش گەییشتووە و هیچ ئاییندەیەكیان نابێت.
هەر لەم دیدارەدا پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا و قسەیش لە بارەی باری گوزەرانی ئاوارە و پەنابەران كرا.




