سەرۆك بارزانی: پێشمەرگە توانیویەتی ئهفسانهی داعش تێك بشكێنێت

مەخموور-KDP.info-(سەرۆک بارزانی) لە میحوەری مەخموور رایگەیاند کە، بەهۆی گیانفیدایی و قارەمانێتیی پێشمەرگە هەموو جیهان بەچاوی ڕێزەوە سەیری كوردستان دەكات و، پێشمەرگە توانیویەتی ئهفسانهی داعش تێك بشکێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی 14ـی 1ـی 2015 (سەرۆک بارزانی) بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕهوشی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و بەسەركردنەوەی هێزی پێشمەرگە سەردانی میحوهری مهخمووری كرد.
لەم سەردانەدا (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ فەرماندە سەربازی و مەیدانییەكانی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری مهخموور كۆبۆ وە. لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی شەڕ به وردی تاوتوێ كرا و (سەرۆك بارزانی) دەستخۆشی لە پێشمەرگە قارەمانەكانی ئەم میحوەرە كرد كە، لە ماوهی ڕابردوودا زۆر قارهمانانه بهرگریان له كهرامهتی خهڵك و خاكی كوردستان كردووه و گورزی كوشندەیان له تیرۆریستان وەشاندووه، بۆ ئهمهش سوپاسی گیانفیدایی و خۆڕاگریی پێشمەرگەی كرد و ئاماژهی بهوهدا، كه بەهۆی گیانفیدایی و قارەمانێتیی پێشمەرگە هەموو جیهان بەچاوی ڕێزەوە سەیری كوردستان دەكات و پێشمەرگە توانیویەتی ئهفسانهی داعش تێك بشکێنێت.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە، خوێنی شەهیدە سەربەرزەكانمان بە فیڕۆ ناچێت و ئەوان لەپێناو دۆزێكی ڕەوا و بەرگریكردن لە كەرامەت و خاكی وڵاتەكەیان گیانی خۆیان بەخت كردووە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) گوێبیستی تێبینیی فەرماندە مەیدانییەكانی میحوەری مەخموور بوو و، لەبارەی پلان و بەرنامەكانی هێزی پێشمەرگە لەم میحوەرەدا ڕێنمایی پێویستی بۆ فەرماندەكان خستەڕوو.




