ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی پشتگیرییان بۆ هەرێم دووپات كردەوە

سوید-KDP.info- سكرتێری گشتیی بەشی سویدی ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی خاتوو (ئانا لیندن فۆرس) رایگەیاند، رێكخراوەكەیان پشتگیری بۆ هەرێمی كوردستان دووپات دەكەنەوە و گوتی، "ئێمە پشتگیری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین لە هەوڵەكانی بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان، هەموو هەوڵەكانمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان سزای خۆیان وەربگرن".
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (فەلاح مستەفا) لە میانەی سەردانە فەرمییەكەی بۆ وڵاتی سوید، سەردانی بەشی سویدی ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی كرد بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ كە لەلایەن ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە ئەنجام دراون.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە، سوپاسی ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی كرد كە، لە سەردەمانی پێشوودا لەو كاتەی كە ڕژێمی پێشوو تاوانی دەرهەق بە گەلی كوردستان ئەنجام دەدا، ئەو ڕێكخراوە دەنگ و پەیامی خەڵكی كوردستانی بە جیهانی دەرەوە و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەگەیاند.
هاوكات گوتیشی كە، "ئێمە هەماهەنگییەكانمان لەگەڵ ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بەرز دەنرخێنین و هیوادارین بەیەكەوە كار بكەین لە داهاتوودا بۆ تۆماركردن و بە دۆكیومێنتكردنی ئەو تاوانانەی لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە دژی كوردانی ئێزدی و كریستیانەكان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكانی دی ئەنجام دراون".
هەروەها بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە داوای كرد كە، هانی ڕێكخراوە ناحكوومیەكان بدەن بۆ هاوكاریكردنی چارەسەری دەروونیی قوربانیانی دەست ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بە تایبەتی ئافرەتان و منداڵان.
سكرتێری گشتی بەشی سویدی ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی خاتوو (ئانا لیندن فۆرس) هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی بەرز نرخاند بۆ پاراستن و پشتگیریی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و پێشكەشكردنی پەناگە و شوێنی حەوانەوە بۆ ئاوارە و پەنابەران، بە بێ ڕەچاوكردنی ڕەگەز و نەتەوە و ئایین. تیمی ڕێكخراوەكەیشیان بەردەوام دەبن لە لێكۆلینەوە و تۆماركردنی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەكان و بە گرینگییەوە كار لەسەر ئەم بابەتە دەكەن.
هەروەها سكرتێری گشتی بەشی سویدی ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی گوتی كە، "ئێمە پشتگیری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین لە هەوڵەكانی بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و هەموو هەوڵەكانمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان سزای خۆیان وەربگرن".




