وەزیری دەرەوەی سوید: پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە داعش ئازایەتییان سەلماند و جێگەی متمانەن

سوید-KDP.info- وەزیری دەرەوەی سوید (مارگۆت واڵسترۆم)، رایگەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە هاوكاریی زیاتر پێشكەشی هەرێمی كوردستان بكات پێوەست بەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان كە لە هەرێم نیشتەجێن. هەروا جەختیشی كرد كە، هێزەكانی پێشمەرگە لە جەنگیان بەرامبەر داعش سەلماندیان كە هێزێكن جێگای متمانەن و بوێرانە بەرەنگاری ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە بوونەتەوە.
لە سەردانێكی فەرمیدا بۆ وڵاتی سوید، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان (فەلاح مستەفا) سەردانی وەزارەتی دەرەوەی سویدی كرد و لە لایەن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە خاتوو (مارگۆت واڵسترۆم)ـەوە پێشوازی لێ كرا.
خاتوو (مارگۆت واڵسترۆم) وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان و دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ ئەنجامدانی ئەو سەردانە، هاوكات سەردان و دیدارەكەیانی بە دەرفەتێكی گرینگ زانی بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون دەربارەی دوابارودۆخ و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە.
لە دیدارەكەدا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی كرد و پوختەیەكی دەربارەی دواپەرەسەندنەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە پێشكەش كرد و ڕایگەیاند كە، ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش دوژمن و هەڕەشەیەكی هاوبەشە بۆ سەر هەمووان و سەرجەم بەهاكانی مرۆڤایەتی.
هاوكات ڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند كە، "هێزەكانی پێشمەرگە بە نوێنەرایەتیی وڵاتانی جیهان ئەمڕۆ بەرامبەر بە ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش دەجەنگن بۆ ڕاگرتنیان لە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی و قڕكردنی نەتەوەیی و ئایینی لەگەڵ ئەوەی كە چەكی دەستی پێشمەرگە سنووردارە، بۆیە داوا دەكەین كە حكوومەتی سوید هاوشێوەی وڵاتانی دی لەم قۆناخە هەستیارەدا هاوكارمان بن".
پاشان بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە دۆخی ئاوارە و پەناهەندەكانی بۆ وەزیری دەرەوەی سوید باس كرد و گوتی، "هەرێمی كوردستان ئەمڕۆكە میوانداریی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ و پەنابەری سووریا دەكات و حكوومەتی هەرێم ئەوپەڕی تواناكانی خستووەتە گەڕ بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانیان و كەمكردنەوەی بەشێكی كەم لە ئێش و ئازاریان و بۆ ئەم مەبەستە پێویستیمان بە پشتگیری و هاوكاریی نێودەوڵەتیی زیاتر هەیە".
گوتیشی، "سوپاسی حكوومەتی سوید دەكەین كە هاوكاریی مرۆیی پێشكەش كردووین، بەڵام ئێستا لە وەرزی زستاندا بە هۆی كەشوهەوای زستانەوە ئەم ئاوارانە پێویستیان بە هاوكاریی زیاترە".
هەر لەو دیدارەدا (فەلاح مستەفا) داوای لە حكوومەت و گەلی سوید كرد كە، "هەروەك چۆن لە ڕابردوودا پشتگیرییان لە گەلی كورد كردووە، ئێستایش پێویستمان بە پشتگیریی زیاتری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە و هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بڕیاری حكومەتی سوید دەكات بۆ هەڵسەنگاندنی میكانیزمی بەشداریی ڕاوێژكارانی سەربازی بۆ مەشقپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگە.
هاوكات بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە داوای كرد كە، سوید پێگەی نوێنەرایەتیی خۆی لە هەرێمی كوردستان بەرز بكاتەوە بۆ كوۆنسووڵگەریی گشتی كە زیاتر هاوكار دەبێت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان لە بواری سیاسی و ئابووری و كولتووری و بوارەكانی دیكە.
هەروەها ئاماژەی دا كە، نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە سوید بە شێوەیەكی چالاكانە كار بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و وڵاتی سوید دەكات.
پاشان خاتوو (ماگرۆت واڵسترۆم) خۆشحاڵیی خۆی بەرامبەر سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ وەزارەتی دەرەوە دەربڕی و خواستی خۆی خستە ڕوو بەرامبەر بە بەرزكردنەوەی ئاستی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە داهاتوودا و فراوانكردن و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندیانە.
هاوكات ستاییشی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ لەئامێزگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان و جەختی كردەوە كە، وڵاتی سوید بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی هاوكارییەكانیان و لە ڕابردوویشدا بڕی 25 ملیۆن دۆلاریان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان كردبوو لە ڕێگای ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە پێشكەشكردنی ئەو هاوكاریانە.
سەبارەت بە ڕۆڵی پێشمەرگەیش گوتی، "هێزەكانی پێشمەرگە لە جەنگیان بەرامبەر داعش سەلماندیان كە هێزێكن جێگای متمانەن و بوێرانە بەرەنگاری ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە بوونەتەوە، پێویستە ڕێكخراوی داعش كۆتایی پێ بهێنرێت و هاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگە بكرێت و حكوومەتی سوید هەڵسەنگاندن دەكات بە مەبەستی ناردنی ژمارەیەك ڕاهێنەری سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان بە مەبەستی مەشقپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگە".
پاشان بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە باسی لە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم كرد بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی داعش بەرامبەر بە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و داوای پشتگیری و پشتیوانیی حكوومەتی سویدی كرد لەو بارەیەوە.
لە كۆتاییدا باس لە ڕۆڵی گرینگی ڕەوەندی كوردستانی كرا كە فاكتەرێكی گرنگن لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان و هەروەها ڕایگەیاند كە، كۆمپانیاكانی سوید دەتوانن بەشدار بن لە دەرفەتەكانی وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان.
دوابەدوای كۆبوونەوەكەیش كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجام درا و دەرەنجامەكانی كۆبوونەوەكە بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن خرانە ڕوو.




