هێمن هەورامی: داعش بۆ وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش سەرئێشەیە
هەولێر-KDP.info- (هیمن هەورامی) لە پێشوازیی كۆنسووڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، داعش بۆ وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش سەرئێشەیە، كوردیش لە دژی داعش دەجەنگێت تا لەنێویان دەبات.
ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی)، ئەمڕۆ لە پیرمام پێشوازیی لە كۆنسووڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران (مورتەزا عەبادی) و شاندی یاوەری كرد كە پێك هاتبوون لە دیپلۆماتكار لە كۆنسووڵی ئێران(نازمیان محسن باوەما).
(هێمن هەورامی) دوای بەخێرهێنانی شاندی میوان، تیشكی خستە سەر دواپێشهاتی ناوچەكە و سەركەوتنە یەك لە دوای یەكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش، هەروەها بە ناوی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستانەوە سوپاسی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعشدا.
(هەورامی) ئەوەیشی خستە روو كە، سەرهەڵدانی داعش بووەتە هۆی سەرئێشە بۆ وڵاتانی ناوچەكە و تەنانەت جیهانیش، گەلی كورد چەكی هەڵگرتووە تا لەناویان دەبات لە دژیان دەجەنگێت.
كۆنسووڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران، سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن و لە درێژەی قسەكانیدا بە بایەخەوە باسی لە رۆڵی هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعش و پەنادانی ئاوارەكانی ئەو شەڕەی كرد و سوپاسی گەلی كوردستانی كرد بۆ خۆڕاگرییان.
لە كۆبوونەوەكەدا هەروەها بارودۆخی ئێستای كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە گشتی خرایە بەر باس و گفتوگۆ، لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەیشیاندا هەردوو لا باسیان لە پەیوەندیی نێوان هەردوو گەلی ئێران و كورد كرد و هیوای بەردەوامیی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان خۆاست، هەروەها سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كە لە ئێستادا بە شێوەیەكی ئەرێنی دەگوزەرێت، خۆشحاڵ بوون، هەردوولایش لە داهاتوودا خۆشحاڵیی خۆیان بەم جۆرە كۆبوونەوانە دەربڕی.




