كۆبانی.. تەنیا حەوت گەڕەك ماون ئازاد بكرێن.. دوێنێ شەو دوو گەڕەكی دیكە ڕزگار كراون

كۆبانی-KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی نەقیب (شێروان سپیندارەیی) رایگەیاند، دوێنێ شەو توانیویانە دوو گەڕەكی دیكە ئازاد بكەن، هەروەك ئاشكرای كرد كە تەنیا حەوت گەڕەك لە دەستی داعشدا ماون و بە ئازادكردنی ئەو حەوت گەڕەكەیش تەواوی كۆبانی ئازاد دەكرێت.
فەرماندە ی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی نەقیب (شێروان محەممەد سپیندارەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ رەوشی شاری كۆبانی ئارامە و شتێكی وا رووی نەداوە، بەڵام دوێنێ شەو تاكو بەیانی دوو گەڕەكی دی لە لای كانی عەرەب لەلایەن هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانانەوە ئازاد كران، لە ئێستادا چی وا نەماوە كە بە تەواوی كۆبانی رزگار بكرێت. هەروا گوتی كە تەنیا حەوت گەڕەك ماون داعشیان لێ وەدەر بنرێ، ئەگەر نا تەواوی گەڕەكانی دیكە لە ژێر دەستی پێشمەرگە و شەڕڤاناندان.
(شێروان) ئاماژەیشی دا كە، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان رۆڵێكی چاكیان هەبوو و لە دوێنێوە شەش جار بۆردوومانی تیرۆرستانی داعشیان كردووە و ناهێڵن هیچ پشتیوانییەك لە حەلەب و رەققەوە بگاتە تیرۆریستانی داعش.
نەشوان بەرزنجی




