زیاتر لە یەك ترلیۆن دینار ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت

بەغدا_KDP.INFO_ وەزارەتی داراییی عێراق لە دوای 10ـی ئەم مانگەوە، دەستی کردووە بە دانی مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەران؛ ئەو بڕە پارەیە ڕەوانەی پارێزگاكان دەكرێت بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران پێ بدرێت. (نەجیبە نەجیب) ئەندامی لیژنەی دارایی دەڵێت، لەبەر ئەوەی بوودجەکە هێشتا پەسند نەکراوە، بەغدا جارێ هەر هەژدەک یاخود 1 لەسەر 18ـی بوودجە ساڵانەکەی هەرێمی كوردستان دەنێرێت و، حەفتەی دابێتەوە زیاتر لە یەك ترلیۆن دینار دەگاتە هەرێمی كوردستان.
(نەجیبە نەجیب)، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "دەبووایە حكوومەتی عێراق تا بوودجەی وڵات پەسەند دەكرێت، دوازدەکی بوودجە (1 لەسەر 12ـی بوودجە)ی ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كردبایە، نەك هەژدەک، بەڵام حكوومەت دەڵێت، لەبەر ئەو قەیرانە داراییەی ئێستا، هەر هەژدەکی بوودجەکە دەدەین، هەڵبەت ئەو کارەی بەغدا نایاساییە و دژی دەستوور."
(نەجیبە) دەڵێت: "بە گوێرەی ڕێككەوتنەکەی نێوان هەرێم و ناوەند، حكوومەتی هەرێم وا لە سەرەتای ساڵەوە، بەڵێنەکەی خۆی جێبەجێ دەکات و، لە لایەن بەغداوە، نەوتەکەی کەرکووک ڕەوانە دەکات؛ بەڵێنەکەی بەغدایش ئەوەیە بوودجەی هەرێم بنێرێت، لە 10ـی مانگیشەوە وا خەریکە هەژدەکی بوودجەی پارێزگاکان دەنێرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی تا ڕەوانەی بانكی ناوەندی دەكرێت و، لەوێیشەوە ڕەوانەی كوردستان دەكرێت، پێی دەوێت و، دەكەوێتە حەفتەی دابێتەوە."
ڕابین شێروانی




