لە سوید یەکڕیزی پارتە کوردییەکان بۆ دۆزی کورد جەختی لێ کرایەوە

هەولێر-KDP.info- لەوڵاتی سوید لەمیانی سەردانی بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو وڵاتە، دیدارێک لەگەڵ پارتە کوردییەکان لەو وڵاتەدا ڕیکخرا و تێیدا یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی گشت پارتە کوردییەکان پێوەست بە دۆزی کورد جەختی لێ کرایەوە.
لە سۆنگەی گرنگیدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕەوەندی كوردستانی و پارتە سیاسییەكانی چالاك لە وڵاتی سوید، شاندی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی (فەلاح مستەفا) بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ وڵاتی سوید لەگەڵ كۆمیتەی هاوكاری پارتە كوردستانیەكان كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا. ئامانج لە كۆبوونەوەكە زیاتر گۆڕینەوە بیروبۆچوون بوو لەسەر پرسەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و ڕووداوەكانی ئەم دواییانە بەتایبەتی هێرشی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان.
لە كۆبوونەوەكەدا جەخت كرایەوە لەسەر گرینگی و ڕۆڵی ڕەوەندی كوردستانی و یەك دەنگی و یەك هەڵوێستی پارتە كوردستانیەكان لە دەرەوە و كاركردن بە یەكەوە لە پێناو خزمەتكردنی دۆزی ڕەوای تەواوی خەڵكی كوردستان بە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانەوە.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە باسی لە پێوەندیەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جیهان دەرەوە و پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان و بەرەوپێش چوونی پەیوەندیەكان كرد كە لەسەر بنەمای بەرژوەندی هاوبەش و ڕێز لەیەك گرتن بنیات نراوە.
هاوكات لە كۆبوونەوەكەدا بە شێوەیەكی كراوە ڕا و سەرنج ئاڵوگۆڕكرا و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسیەكان دەست خۆشیان لە نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئەم دەرفەتە و كۆكردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان كە هەموویان ئامانجی هاوبەشیان خزمەتكردنی گەلی كوردستانە.




