سیروان سیرینی: هەفتەی داهاتوو بودجە پەسەند دەکرێت

هەولێر-KDP.info-ئەندامێكی كورد لە لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێت، لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان كۆبووینەتەوە و بەیانامەیەكشمان بڵاوكردووەتەوە، بۆ ئەوەی بوودجەی كەرتی پەروەردە زیاد بكرێت، چونكە لە ساڵانی ڕابردوودا گرینگی بەو كەرتە نەدراوە و پشتگوێ خراوە، بەمەیش زەرەر بە نەوەكانی داهاتوو دەكەوێت. .ئاشکرایکرد کە، هەفتەی داهاتوو بودجە پەسەند دەکرێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە (سیروان سیرینی) لیستی پارتی و ئەندامی لیژنەی پەروەردە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: بە داخەوە لە بوودجەی 2015ـی گشتیی عێراق، بوودجەیەكی كەم بۆ كەرتی پەروەردە دیاری كراوە، ئێمەیش پێمانوایە لە 11 ساڵی رابردوودا حكوومەتی عێراق گرینگی بە كەرتی پەروەردەی نەداوە و پشتگوێی خستووە، وەك لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی نوێنەران داوامان كردووە گرنگی زیاتر بە كەرتی پەروەردە بدرێت و بەشە بوودجەی ئەو كەرتە زیاد بكرێت و ئەو كەم و كورتیانەی بوودجە بەتایبەتی كەرتی پەروەردە چارە بكرێت، ئەگەرنا بەو بڕە پارە كەمەی بۆ ئەو كەرتە دیاری كراوە زەرەر لە نەوەكانی داهاتوو دەكەوێت.
ئەو ئەندامە گوتیشی، لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانیش كۆبووینەتەوە و بەیانامەیەكشمان بڵاوكردووەتەوە و پێداگری لەسەر زیادكردنی بوودجەی كەرتی پەروەردەمان كردووە.
( سیرینی) ئاشكراشی كرد، وەك كورد داواشمان كردووە بوودجە پەسەند بكرێت و چی دی دوا نەخرێت، چونكە ئێستا هەموو خەڵكی عێراق چاویان لەوەیە بوودجە پەسەند بكرێت و جموجۆڵ بكەوێتەوە بازاڕ، من لەو باوەڕەشدام لە هەفتەی داهاتوودا بوودجە دەخرێتە دەنگدان و پەسەند دەكرێت.
ڕابین شێروانی




