بودجە پەسەند دەکرێت.. سێشەممەی دادێ راپۆرتی دارایی دەخوێندرێتەوە

بەغدا-KDP.info-ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق(سەرحان ئەحمەد) ڕایدەگەینێت کە، حەفتەی دادێ لیژنەكەیان پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2015 تەواو دەكات و، دەیدەن بە پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدەن.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق و، ئەندامی لیژنەی دارایی (سەرحان ئەحمەد سەرحان)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پاش ئەوە سەرۆكایەتیی پەرلەمان چوار ڕۆژی تەرخان كرد بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای بوودجە گشتییەکەی عێراق تاوتوێ بکرێت، ئەوە بوو دوێنێ ئەندام پەرلەمانەكان، هەرهەموو ڕا و سەرەنج و تێبینییەکانیان تۆمار كرد، بەڵام ئێمە ناتوانین هەموویان جێبەجێ بكەین لە لیژنەی دارایی؛ چونكە بە گوێرەی یاسا، هەر ئەوەندەمان پێ دەکرێ لێی کەم بکەینەوە؛ وەكو قرتاندن و، گرتنەوەی هەندێك شت وا زەروور نینە بۆ وەزارەتەكان؛ یان لە شتێکی بگرینەوە و، بیدەین بە شتێکی دی. بەڵام زیادکردنمان پێ ناکرێت".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "ئێمە كار دەكەین بۆ ئەوەی كورتهێنانەکە كەم بكەینەوە، لە بوودجەی وەزارەتەكان دەگرینەوە، بەڵام مووچە و پسوولەی خۆراك و دەرمان، بە هیچ شێوەیەك دەستكاری ناكرێت".
(سەرحان سلێڤانەیی) ئاماژەی دا: "ئێمە وەک لیژنەی دارایی كار دەکەین لەسەر بوودجەی 2015 تاكو ڕۆژی سێشەممەی دادێ، ڕاپۆرتی دووەمی خۆمان پێشكەش بە پەرلەمان دەكەین بۆ دەنگدان؛ ئیتر پەرلەمان خۆی دەزانێت کەی دەنگەکەی دەدات، بەڵام لەو باوەڕەدام كە حەفتەی دادێ بوودجە بەڕێ بكرێت، لەبەر ئەوەی زوو پەسەندكردنی لە بەرژەوەندیی هەموو گەلی عێراقدایە."
نەشوان بەرزنجی




