سوپاسالارى پێشمه‌رگه: داعش زۆرترین زیانى له‌سه‌ر ده‌ستى پێشمه‌رگه به‌ر كه‌وتووه

هه‌ولێر ــ KDP.info ــ سوپاسالارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه ده‌ڵێت، داعش، هێزى پێشمه‌رگه و، هه‌رێمى كوردستانی كردووەته ئامانج، به‌ڵام تیرەکەیان کەوانەی کردووەتەوە بەرەو خۆیان.
سوپاسالار جه‌مال محه‌مه‌د، له لێدوانێكدا به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتیى دیمو‌كراتى كوردستانى ڕاگه‌یاند: "سه‌ره‌تا داعش هەر بۆ ئەوە هاتبوونە عێراق، به‌ندییەکانی به‌ندیخانه‌ى بادوش بەرەڵا بکەن، به‌ڵام سوپای عێراق له مووسڵ هەڵات، ئه‌و شاره‌یشیان داگیر کرد و، کردیانە پایته‌ختى ویلایەتەکەیان؛ پاشان تەماحی به‌غدایشیان لێ نیشت و، ڕوویان کردە ئەوێ، به‌ڵام لە پڕێکدا کەس نەیزانی بۆ وازیان لەوێ هێنا و، پەلاماری هه‌رێمى كوردستانیان دا!"
فه‌ریق جه‌مال محه‌مه‌د گوتى: "خۆی داعش له‌و سێ مانگەدا، زۆری بە پێشمەرگە دۆڕاندووە، جا بۆیە ئێستا ئاوەها بە هه‌رێمى كوردستانەوە گرتوویەتی و، واز ناهێنێت؛ هه‌موو ئامانجى داعش چڕ كراوه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى چۆن ڕووبه‌ڕووى هێزى پێشمه‌رگه ببنه‌وه و، وازیان له شه‌ڕه‌كانى خوار و ناوه‌ڕاستى عێراق هێناوه؛ داعش به تایبه‌تى له میحوه‌رى گوێڕ و مه‌خموور و شنگالدا زۆر شکاوە و، بە پێشمەرگەی دۆڕاندووە."
سوپاسالارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه گوتیشى: "داعش لە هەل دەگەڕێت هێرش بكاته سه‌ر هێزى پێشمه‌رگه؛ به هه‌موو هێزیشەوە خۆیانیان تاقى كردووەته‌وه، به‌ڵام سه‌رنەكه‌وتوونە، بەوەیشدا دیارە شکستیان هێناوە لە ئاست هه‌رێمى كوردستاندا".




