لە ئەمەریکایان کردە شوورەیی؛ ئاخر سەرگەورەکەی وای نەناردە خۆپیشاندانەکەی پاریس

مێدیاکان و توانجگران، گەلێ تووزیان بە کاربەدەستانی ئەمەریکاوە کرد و، دەڵێن نەمەشیا وایان بکردایە!
دەیلیمەیل لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: "زۆر عەیبە بۆ ئەمەریکا؛ شوورەیی لە خۆیان ناکەن پایەبڵندێکیان نەنارد بۆ خۆپیشاندانە یەکڕیزییەکەی پاریس!"
جۆن کێرییش لە وەڵامدا گوتی: "خۆ من تازە هەر دەچم بۆ پاریس، خۆ هەر ڕێک لە کاتی ڕووداوەکەوە، خۆم و سەرۆک ئۆباما بە پەرۆشیەوە لەگەڵ پاریس لەسەر خەت بووین و، فەرمووی یارمەتیی هەواڵگیریشمان کردوون. ئێمە لەوێ بووین، ئەوەتا ڤیکتۆریا نولاندی یاریدەدەرمان و، جەین هارتلی باڵوێزمان و، کارمەندانی باڵوێزخانەکەیشمان لەوێ لەنێو ئاپۆرای خۆپیشاندانەکەدا دروشمیان دەگوتەوە."
دیارە هەر بەر لە نەهامەتییەکەی پاریس، ئەم سەفەرەی هیندستانمان دانابوو، حەزم دەکرد لە پاریس بوومایە، بە داخەوە نەدەکرا نەچم بۆ دڵهی، دڵنیایشم کە خەڵکی فەرەنسا نیازی ئەمەریکا دەزانن و، لێمان بە گومان نینە."
گوتیشی: "خۆ پەیوەندیمان لەگەڵ فەرەنسا بۆ ڕۆژێک و دووان نییە، ئێمە دۆستی کۆنین و، پەیوەندییەکی دریژخایەنیشمان هەیە."
ئیندیپێندێنتیش نووسیوویەتی: "مێدیاکان و توانجگرانی ئەمەریکا دەڵێن ئەمەریکا خراپ لاڕێ بووە! ئۆباما دانێکی ڕۆژی یەکشەممە، خەریکی سەیرکردنی تۆپانێ بووە و، بایدنیش لە واشنتن کارێکی وای نەبووە، ئاخر یەکشەممان ڕۆژی پشووە لەوێندەرێ."
جێی باسە جۆن کێری دوای سۆفیا و جنێف، بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی پاریس بکات، لەوێ لەگەڵ لۆران فابیۆس، وەزیری دەرەوەی فەرەنسادا کۆ دەبێتەوە و، لە باتی خۆی و وڵاتەکەیشیان، خۆی دەکاتە شەریکی خەمی گەلی فەرەنسا و، باسی سەرەکۆڕی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوییشیان لەگەڵدا دەکا، کە بڕیارە لە ئەمەریکا بگیرێت."
و/ خالید ئەحمەد




