پهرلهمان: یاداشتێکمان داوەتە حکوومەت تا کلیپکردن لە بەرەی شەڕدا قەدەغە بکرێت

ھەولێر_kdp.info_ سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، یاداشتێکیان داوەتە حکوومەت و، وەزارەتە پەیوەندیدارەکان با نەهێڵێن بەرەکانی جەنگ بکەنە کلیپ؛ بە گوێرەی بەڵگە، هەر لە ڕێی ئەو کلیپانەوە، زیاتر لە 30 پێشمەرگە بوونەتە قوربانی.
فەرحان جەوھەر، سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕێکخراوی 'میهرا'وە هاتنە لامان و، بە بەڵگە سەلماندیان، هونەرمەندێک چووەتە بەرەی شەڕ، لەوێ گۆرانییەکی نیشتمانی کلیپ بکات، ڕێک لەو کاتەدا مووشەک داویەتی بە ناو پێشمەرگەکاندا و، ھەشتی لێ شەھید کردوونەوە و، 23ـیشی لێ بریندار کردوونە. جگە لەوە، ئەو کلیپانە، کلیپی وایش نینە و، ھەندێک بازرگانیی پێوە دەکەن و، گرتەکان دەفرۆشنەوە؛ جاری وا ھەبووە بۆ ڤیدیۆکلیپێک نزیکەی 900 فیشەکیان تەقاندووە!"
سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "ئێمەیش یاداشتێکمان داوەتە حکوومەت و، وەزیری ڕۆشنبیری و، هیی پێشمەرگەیش، بۆ ئەوەی ئەو کارە ڕابگرن، چونکە بە ڕاستی کێشە دەنێتەوە."
بڵند ئیبراھیم




