٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا، هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەتە خۆجێییەکەی هەولێریان خستە ڕوو

سەرچاوە: KDP.info

ھه‌ولێر _KDP.INFO_ سەرپەرلەمانی کوردستان، لە پێشوازیی سەرئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و سەرفراکسیۆنە جیاوازەکانی ئەنجوومەنەکەدا، گوتی "دەبێت ئێوە خۆتان بە یەک تیم بزانن، ئاخر ئێوە نوێنەری هەڵبژێردراوی هاووڵاتیانی پارێزگای هەولێرن و، هەر کامیشتان نوێنەری لایەنێکی جیاوازن."

ئەمڕۆ سێشەممە، عەلی ڕەشید سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و، سەرفراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و، لەوێ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، هات بە دەمیانەوە.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەتە خۆجێییەکەی هەولێری خستە ڕوو، هیوایشی خواست لە پێناو پیشکەشکردنی خزمەتێکی زۆرتر بە هاووڵاتیان، نێوانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پاریزگاکان پتەوتر ببێت.
د. یووسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، دەربارەی خزمەتکردنی هەولێر، گوتی "هەولێر پایتەختی هەرێمە و، پێویستە خزمەتێکی باش پێشکەش بە هاووڵاتیان بکات، هەوڵیش بدەن دەرفەتی زۆرتر بڕەخسێنن بۆ بەشداریی هاووڵاتیان لە بڕیارەکانتاندا."
سەرپەرلەمان باسی خزمەتکردنی گەڕەکە هەژارەکان و شارەدێیەکانی دەرەوەی مەڵبەندی پارێزگایشی کرد و، گوتی "گرنگە ئێوە گرنگی بەو شوێنانەیش بدەن؛ ئاخر لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە پێویستە ڕەچاوی دادپەروەرییش بکەن و، بە یەک چاو سەیری شوێنە جیاجیاکانی پارێزگاکە بکەن."
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، جێگر و سکرتێری پەرلەمانیش، تێبینی و سەرنجی خۆیانیان دەربارەی کار و چالاکییەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و، هاوهەنگاویی نێوان پەرلەمان و ئەنجومەنەکەیان خستە ڕوو.

هەواڵی پەیوەندیدار