بێریڤان خەیلانی: با لەوە زیاتر خوێندن و زانست بێنرخ نەبێت لە عێراق و به یاسا ئەو زانکۆ تایبەتانه دابخەن

بەغدا ـ kdp.info ـ ئەندامێکی لیژنەی خوێندنی باڵا لە ئهنجوومهنى نوێنهرانى عێراق دهڵێت، خەمی ئەو هەموو زانکۆ بێسەروبەرە بە ناو تایبەتەی كه قوتابیان هەڵدەخەڵەتێنن و، بۆ بڕوانامەیەکی ساختە و بێبایەخ، کۆڵێ پارەیان لێ دەسێنن بخۆن؛ ئەو دەڵێ دەشێ بە گوێرەی یاسا ئەو زانکۆیانە دابخەین با لەوە زیاتر خوێندن و زانست بێنرخ نەبێت لە عێراق.
(د. بێریڤان خەیلانی)، ئەندامی ئەنجوومەنی نووێنەرانی عێراق لە لێژنەی خوێندنی باڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "هەندێك زانكۆ كراونەتەوە بەبێ ئەوەی مۆڵەتیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵای بەغدا وهرگرتبێ یان لە هەولێر؛ بۆ نموونە زانكۆی "سانت كلمنتس" كە هەڵساوە بۆ خۆی بڕوانامە دەبەخشێتەوە بە دەرچووانی خوێندنی سەرەتایی و باڵا؛ بە تایبەتیش بە شێوەیەكی نایاسایی و ناپیشەیی و بەبێ هیچ بنەمایەكی زانستی و پیشەیی و یاسایی، خوێندنی دكتۆرا و ماستەریشى کردووەتەوە."
( خەیلانی)، جەختیشی كردەوە کە ئەو زانكۆیانە، چەندین ساڵە بۆ خۆیان بە نایاسایی کار دەکەن؛ ئەو بڕوانامەشی دەیدەن باوەڕپێنەكراوە! جا با قوتابیان ئاگاداری خۆیان بن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی خوێندنی باڵا لە كۆتایی لێدوانەكەی گوتی: "داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵای حكوومەتی بەغدا و هەولێریش دەكەین بەشکەم ئەو زانكۆیانە دابخەن، لە گشت شارەكانی عێراق و، مڵكی ئەو زانکۆیانەیش دابڕ بکەن و، بە گوێرەی یاسا، بەرپرسانی ئەو زانکۆیانە و پشتیوانەکانیشیان سزا بدەن. داوا لە قوتابیان و دەرچووانیش دەكەم بچنە دادگا و، شکاتیان لێ بکەن و، داوای هەقی خۆیان و، ئەو پارەیەش بکەنەوە وا بۆ ئەو خوێندن و بڕوانامە ساختەیە داویانە."
نه شوان به رزنجی




