هەرێم زیاتر لە 40ملیار دیناری بۆ ئاوارەكان خەرج كردووە

مووسڵ ـkdp.info ـ سەرلیستی برایەتیوپێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایدەگەینێت لە بوودجەی گشتی 2015ـی عێراق، پشكی پارێزگای مووسل گرنگی بە ناوچە ئازادكراوەكان و ڕەوشی ئەمنی و ئاوارەكان دەدەین؛ دەڵێ هەرێم زیاتر لە 40ملیار دیناری بۆ ئاوارەكان خەرج كردووە.
سەیدۆ چەتۆ شنگالی، ئەندامی ئەنجوومەنی پاریزگای مووسڵ و، سەرۆكی لیستی برایەتیوپێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەندەی نەماوە پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای گشتی بوودجەی عێراق پەسەند بکات؛ بۆیە ئێمەش لە پشكی پارێزگای مووسڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا خۆمان ئامادە دەكەین و لەگەل لیژنەی پلانوستراتیجی كۆ بووینەتەوە و، باسی چۆنیەتیی خەرجكردن و گرنگیدان بەو لایەنانە دەکەین وا ئێستا زەروورن."
سەرلیستی برایەتیوپێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ گوتیشی: "خۆی لە بوودجە دابینكراوەکەی پارێزگای مووسڵ، گرنگی بەو ناوچانەی دەدەین كە هێزەكانی پێشمەرگە ئازادیان كردوونە، وەكو زوممار و ڕەبیعە و سنوونێ و، مەخموور و گوێڕ و، ئەو ناوچانەی وا دەستی تیرۆرستانی داعشی نەگەیشتووەتێ وەكو شێخان؛ دەشێ ئاو و كارەبا و داوودەرمان و، پێداویستیەكانی تریان بۆ دابین بكەین هەتا خەڵکەکەیش بە یەکجاری بگەڕێنەوە سەر ماڵ و مڵكی خۆیان."
سەیدۆ شنگالی دەیشڵێت: "پاشان گرنگی دەدەین بە ڕەوشی ئەو هەموو ئاوارە و، پەنابەرانەی وا لە پارێزگاكانی كوردستاندا نیشتەجێن؛ شانزە کەمپ ئاوارەی لێیە و، چوار کەمپیش پەنابەر؛ حكومەتی هەرێم زیاتر لە 40ملیار دیناری بۆ خەرج كردوونە. جا دەمانەوێت هەندێك لەو بارگرانیە لەسەر هەرێم كەم بكەینەوە، ئەوەتا هێشتا بەغدا بوودجەی بۆ هەرێم نەناردووە و مووچەی فەرمانبەران هەرێمی بڕیوە."
شنگالی گوتەنی دەیانەوێت خەمێک لە ڕەوشی پارێزگای مووسڵیش بخۆن؛ ئێستا چەند شوێنێک بۆ مەشق و ڕاهێنانی ئەو سەرباززانە کراوەتەوە وا بڕیارە مووسڵیان پێ بگرنەوە؛ بێگومان ئەو کارەیش بوودجە دەوێت.
پارێزگای مووسڵ، دوای بەغدا دووەم پارێزگای گەورەی عێراقە؛ لە نۆیەم شەوی حوزەیرانی پارەوە، داعش داگیری كردووە و، ژیانیان لە خەڵکی ئەو پارێزگایە تێک دا و، زۆربەی خەڵک ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە.
نەشوان بەرزنجی




