پەرلەمانتارانی کورد داوای بودجەیەکی تایبەتیان بۆ پارێزگای هەڵەبجە کرد

بەغدا-KDP.info-پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجوومەنی نووێنەرانی عێراق، (ئەشواق جاف) دەڵێت، ئەمڕۆ لە دانیشتنی تایبەت بە بودجەی عێراق داوامان کرد کە بودجەیەکی تایبەتی بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخان بکرێت..هەروا دەڵێت، رۆژی سێشەممەی داهاتوو پەرلەمان پێوەست بە بودجە کۆ دەبێتەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق و ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ (د. ئەشواق جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ کۆتایی بە دانیشتنی پێوەست بە بودجە هێنرا، خوێندنەوەی دووەمی بۆ کرا و، هەروا رۆژی سێشەممەی داهاتووش دانیشتنێکی دیکە بۆ بودجە ساز دەکرێت و لە ئێستایشەوە مۆڵەت دراوە بە لیژنەی دارایی کە راپۆرتی کۆتاییان ئامادە بکەن و دواتریش دەستدەکرێت بە پەسەندکردنی بودجە.
ئەو ئەندامەی كورد لە پەڕلەمانی عێراق، دەربارەی تێبینیەكانی ئەندامانی كورد سەبارەت بە بودجە گوتی،" داوامان كردووە پلەی دامەزراندن بۆ هەرێم زیاد بکرێت بۆ 17%، هەروا داوامان کردووە بودجەی ماددەی 140 کە 102 ملیار دینارە کەمنەکرێتەوە و وەک خۆی خەرج بکرێت. هەروا داوامان کرد کە، بۆ ژێرخانی هەریم 17%ی پارەی بودجە تەرخان بکرێت".
(ئەشواق جاف) گوتیشی کە، ئاماژەمان بە ناوی هەڵەبجە کرد لەنێو رەشنووسی بودجەدا، هەروا داوامان کرد کە بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت، چونکە پارێزگاکانی دیکە بودجەی پەرەپێدانیان هەیە، بۆیە ئێمەیش داوامان کرد کە هەڵەبجەش بەهەمان شێوە ئەو بودجەیەی بۆ خەرج بکرێت.
نەشوان بەرزنجی




