٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەندەنۆسیا: پرێسکە ڕەشەکانی فڕۆکەکەی ئەندەنۆسیایان دۆزییەوە

سەرچاوە: KDP.info

بی‌بی‌سی لە هەواڵێکدا زانیویەتی ئەو مەلەوانە بنئاوگەڕانەی بە دوای سوارەکان و پاشماوەی فڕۆکەکەی (ئێرئاسیا) دا، دەگەڕێن هەردوو پرێسکە ڕەشەکەیان دۆزیوەتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە 11ـی کانوونی دووەم بەرپرسانی تیمەکە ڕایان‌گەیاند کە دوو پرێسکەکەیان لەبن لاشەی فڕۆکە، لەژێر لم و لیتەدا دۆزیوەتەوە. وا بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بیدەنە دەست بەرپرسانی فڕۆکەوانییەکە.
وەزیری دەریاوانییش لەو بارەیەوە گوتی: "ئەو سێ کەشتییەی چووبوون بۆ دۆزینەوەی پرێسکە ڕەشەکان، 3.5 کیلۆمەتر لەو لای کلکی فڕۆکەکەوە دۆزیویاننەتەوە. خۆی ئێمە زیاتر خەمی ئەوەمانە سوارەکان بدۆزینەوە."
جێی باسە ئەو فڕۆکە ئەندەنۆسیاییە، 28ـی کانونی یەکەم، لە سورابایاوە فڕیبوو بەرەو سەنگاپوور و، لەسەر دەریای جاڤا دیار نەما، دواتر دەرکەوت بەهۆی خراپی کەشوهەواوە کەوتبووە ناو ئاوەکەوە، تاکو ئێستا لە کۆی 162 سوارەکە، تەرمی 48ـیان لە ئاوەکە دەرهێناوەتەوە.

گرنگیی پرێسکە ڕەشە
هەر فڕۆکەیەک دوو پرێسکە (بۆکس)ـی ڕەشی تێدایە، لە بەشی دواوەی فڕۆکەکەدا دای‌دەنێن، کاریان تۆمارکردنی گەشتەکە و، بارودۆخی تەکنیکی فڕۆکەکەیە و، بەتایبەتی کاتێ فڕۆکەیەک دیار نامێنێت کەسانی شارەزا بەهۆی ئەو تۆمارکەرانەوە دەتوانن دواساتی لەکارکەوتنی فڕۆکەکە و هۆی پەککەوتنەکەشی بزانن.
ئەو پرێسکە ڕەشانە زۆر قایمن و بە ئاسان ناشکێن و، تەڕیش نابن و، هەتا 30 ڕۆژیش دەتوانن شەپۆل بنێرن.

و/ خالید ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار