دڵشاد شەعبان: نرخی نەوت لە جیھان دابەزیوە، پێویستە حکوومەتى ههرێمیش نرخی بەنزین دابەزێنێت

ھەولێر ـkdp.infoـ جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، لەبەر ئەوەی ئێستا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان دابەزیوە، پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نرخی بەنزین دابەزێنێت، چونکە پێشتر یەک لیتر بەنزین لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە 1090 دینار بوو، بەڵام دوای دابەزینی نرخی نەوت، ئێستا یەک لیتر بەنزین لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە 663 دینارە.
دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، تێچووی یەک لیتر بەنزین لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێش دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جێهان بەم شێوەیە بووە:
ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە (140000) بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆیی بە کار دێنێت؛ بەنزین، گازوایل، نهوتی سپی، ھەر بەرمیلێک نەوتی خاو وەکو پێوەرێکی ستاندارد (159) لیترە و، لە کاتی پاڵاوتن پێنج شەش لیتری دەبێتە ھەڵم و، تەنیا (154) لیتری دەمینێتەوە، عێراق لە ساڵی 2013 و 2014 ھەر بەرمیلێک نەوتی ھەرێم کە بۆ مەبەستی استهلاکی مەحلی بە کاری ھێناوە بە نزیکەی (100) دۆلار لەسەر ھەرێم بە داھاتی ناوخۆ حسابی کردووە و، ھەروەھا ھەرێمیش بۆ پاڵاوتنی ھەر بەرمیلێک نەوت (17) دۆلاری بە پاڵاوتگەکان داوە و، ( 3 ) دۆلاریش بۆ کرێی گواستنەوە و، نزیکە ی ( 20 ) دۆلاریش بۆ تێچووی دەرھێنانی بەرمیلی نەوت بە کومپانیاکانی بیانی بۆریی نەوتی داوە واتە تێچووی لیترێک بەنزین لەسەر حکوومەتی ھەرێم بەم نرخە بووە:
100 $ + 17 $ + 3 $ + 20 $ / 154 لیتر بۆ ھە ر بەرمیلێک = 0،91 سە نت * 1200 دینار = 1090 دینار نرخی لیترێک بەنزین.
(دڵشاد شەعبان) گوتیشی: "ئێستا نرخی بەرمیلی نەوت لە جیهان دابەزیوە دەبێت عێراق (1) بەرمیل نەوت بە (40 – 45) دۆلار لەسەر ھەرێمی کوردستان حساب بکات، واتا ئێستا تێچووی لیترێک بەنزین لەسەر حکوومەتی ھەرێم دەبێت بەم نرخە بێت:
45 $ + 17 $ + 3 $ + 20 $ / 154 لیتر بۆھە ر بەرمیلێک = 0،55 سە نت * 1200 دینار = 663 دینار نرخی ( 1 ) لیتر بەنزین.
(شەعبان) ڕوونیشی کردەوە، لەبەر قەیرانی دارایی و پڕکردنەوەی پێداویستی و کەمکرنەوەی تێچووی زۆری حکوومەتی ھەرێم ئێستا ناتوانین زۆر بۆ حکوومەت بهێنین، بەڵام دوای بڕانەوەی ئەم قەیرانە دەبێت حکوومە بە نرخی بەنزیندا بچێتەوە، بۆ ئەوەی ھەم بۆ ھاووڵاتیان نرخێکی گونجاو بێت، ھەمیش حکوومەت تێچووی بۆ کەم بکرێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




