ئەمیرێک و 17 چەکدار کوژران..ئازادکردنی شنگال نزیکە

شنگال ــ kdp.info ــ فەرماندەی میحوەری شنگال دەڵێت، لە دوێنێوە گورزی کوشندەیان لە داعش وەشاندووە و، ئەمیرێک و، 17 چەکداری داعشیش کوژراون و، ناوچەکەش لە دەستی ھێزی پێشمەرگەدایە و، ھێزی پێشمەرگەش بە ورەیەکی بەرزەوە بەرگری لە خاکی کوردستان دەکەن.
عەمید (بارام عەریف یاسین)، فەرماندەی میحوەری شنگال بەماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ ئێوارە چەکدارانی داعش ھێرشێکی بەھێزیان کردە سەر سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە لەناو شنگال، بەڵام بە توندی بەرپەرچمان دانەوە و، تێک شکێندران و، ڕێگە نەدرا پێشڕەوی بکەن و، زیانی زۆریشیان پێ گەیێندرا."
عەمید (بارام عەریف یاسین) گوتیشی: "لەو ھێرشەدا شەش لاشەی چەکدارانی داعش کەوتوونەتە دەست ھێزی پێشمەرگە، کە یەکێکیان پلەی ئەمیرە، بە ناوی محەمەد مووسا ئەلیبی."
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ڕایشیگەیاند: "ئەم بەیانییەیش سەعات حەفت فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان بە چڕی مۆڵگەکانی داعشیان لە شنگال بۆردوومان کرد، لە ئاکامدا بەپێی زانیاریەکانی ئێمە 12 چەکداری داعش کوژراون."
(یاسین) ڕوونیشی کردەوە "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن داعش ھێرشێکی گەورە دەکاتە سەر شنگال ڕاست نییە، چونکە ھێزی پێشمەرگە ورەی بەرزە و، داعش ئەو ھێزەی نەماوە و، ڕووخاوە و، تازە ئیتر ناتوانێ ھێزی پێشمەرگە تێک بشکێنێت و، پلانی زۆر باش ھەیە و، ئێستا لەژێر دیراسەکردندایە و، لەماوەیەکی نزیکدا ناوچەکە لە داعش پاک دەکەنەوە."
بڵند ئیبراھیم




