پاریس میوانداریی گەورەترین خۆپیشاندانی یەکڕیزیی مێژوویی کرد

دوای ڕووداوەکەی چارلی هێبدۆ، ڕۆژی یەکشەممە 11ی کانونی دووەم لەپاریس خۆپیشاندانێکی یەکڕیزی بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیەکان و، نیشاندانی یەکڕیزی و، برایەتی و، یەکتری قەبوڵکردن و ریسواکردنی تیرۆریستان بەڕێوەچوو.
بیبیسی نوسیوویەتی لە خۆپیشاندانە گەورەکەی پاریسدا سەرکردەکانی جیهانیی قۆڵیان لە قۆڵی یەکتری کردبوو و، پێکەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران مارشی یەکڕیزی و خۆشەویستیان دەگوتەوە.
جێی باسە دەوڵەتی فەرەنسا ئەو خۆپیشاندانەی بە گەورەترین خۆپیشاندان زانی لە مێژووی فەرەنسادا و، وەزیرە ناوخۆکەشی خۆپیشاندانەکەی بە بێوێنە زانی و، فرنسۆ هۆڵاندیش گوتی:( ئەمرۆ پاریس پایتەختی هەموو جیهانە.)
سەرەتا بەخولەکێک بێ دەنگی و، دواتر خۆنیشاندانەکە بەسەرپەلی کەس و کاری قوربانیەکان لە کۆشکە کۆمارییەکەی فەرەنسا وە بە جوڵەکەوت بەرەو کۆشکی نیشتمانی، بۆ ئاسایشی زیاتر ڕێوڕەسمەکە بە دوو ڕێگادا تێپەڕی و لە کۆشکی نیشتمانیش یەکدیانگرتەوە، ئەو دوورییە بە دوو میل مەزەندە کراوە.
لە ڕاپۆرتەکەی بی بی سی دا هاتوە هەندێک لەخۆپیشاندەران ئاڵای فەرەنسایان بەرزکردبۆوە و، هەندێکیان قەڵەم و، هەندێکی تریان سرودی نیشتمانیان دەوتەوە، زۆر خەڵکیش بەپەلەپروزێ دەهاتنە ناو شەقامەکەوە بۆئەوەی دەریبخەن کە ناترسێن.
ماڵپەڕی ئیندیپێندێنتیش لەتازەترین هەواڵیدا نوسیویەتی مێدیاکانی فەرەنسا گوتویانە زیاتر لە پەنجا سەکردەی جیهانی و، نزیکەی 3 ملیۆن کەس بەشداری خۆپیشاندانە یەکڕیزییەکە بوون.
بۆ پارستنی ئاسایش و دابین کردنی ئۆقرەیش نزیکەی پێنج هەزار پۆلیس و سەرباز کە لەناویاندا لەیەکەی تایبەتی ئیلیەتیش بەشداربوون و بەناو پاریسدا بڵاوببونەوە.
ئیندیپێندێنت: لەسەرکردەکانی جیهان بنیامین ناتانیاهۆ و، محمود عەباس لە هەمان خۆپیشانداندا بەشداربوون، هۆڵاند و سارکۆزیش بەتەنیشت یەکەوە مارشی نیشتمانیان دەگوتەوە. شا عەبدوڵلا و براکەی میری قەتەریش بەتەنیشتی مێرکڵ و سەرکرەکانی ئیتالیا و، ئیسپانیا و، ئۆکرانیا و، نایجیریا و مالیەوە بوون، هەموو پێکەوە بەرگرییان لە بەهاکانی ئازادی و برایەتی و خۆشەویستی یەکتری کرد.
و/ خالید ئەحمەد




