بودجە رەوانەی حکوومەت ناکرێتەوە و ھەفتەی دادێ پەسەند دەکرێت

بەغدا-KDP.info-ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سبەینێ دوارۆژی گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاسای بودجە دەبێت و بەھیچ شێوەیەکیش ئەو بودجەیە ناگەرێتەوە بۆ حکوومەت..جەختیشی کرد کە هەفتەی داهاتوو بودجە پەسەند دەکرێت.
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق (حاکم سەرحان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، سبەینێ پەرلەمانی عێراق گفتوگۆکانی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق کۆتایی پێدەھێنێت و رادەستی لیژنەی دارایی دەکات بۆ ئەوەی سەرنج و تێبینەکانی پەرلەمانتاران تێدا جێگیر بکات و ھەندێک لە خەرجیەکان کەمبکاتەوە و ھەفتەی داھاتووش پەسەند بکرێت.
(حاکم سەرحان) گوتیشی، بەھیچ شێوەیەک مووچەی فەرمانبەران کەمناکرێتەوە و ھەندێک خەرجی کەم دەکرێتەوە کە زیادەن و ئەوانە کەمناکرێنەوە کە پێویستی ھاوڵاتیانن.
ئەوپەرلەمانتارە رونیشی کردەوە، پڕۆژەیاسای بودجە ناگرێتەوە بۆ حکوومەت و ھەر کەمکورتیەک ھەبێت لای ئێمە چارەسەری بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی لەماوەیەکی کەمدا پەسەند بکرێت.
زیاتر گوتی، رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا لەوپڕۆژەیاسایە جێگیرکراوە، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە ھەرێم پارەی کۆمپانیاکانی بواری نەوت بدات، ئێمەش داوامان کردووە لەبەر ئەوەی نەوتەکە بۆ بەغدا دەگرێتەوە پێویستە بەغدا پارەی ئەو کۆمپانیایانە بدات نەک ھەرێمی کوردستان.
بڵند ئیبراھیم




