حكوومەتی هەرێم دەستی كردووە بە دابەشكردنی پێداویستی زستانە و سووتەمەنی بەسەر ئاوارەكانی دهۆکدا.

دهۆك ــKDP.infoــ (شیمال عادل) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك ڕایدەگەینێت حكوومەتی هەرێم و پارێزگاری دهۆك، لەگەڵ داهاتنی وەرزی سەرما دەستیان كردووە بە دابەشكردنی كەلوپەلی زستانە و، سووتەمەنی بەسەر ئاوارەكانادا؛ لە حكوومەتی عیراق و كۆمەلگای نێودەولەتییش داوایان کردووە هاوكارییان بكات.
(شیمال عادل میرۆ) ئەندامی ئەنجوومەن و، ئەندامی لیژنەی كۆچوكۆچبەران لە پارێزگای دهۆك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پاش هاتنی ئەو هەموو ئاوارەیەی ڕوویان لە پارێزگای دهۆك كردووە ـــ نزیكەی 820 هەزار كەس دەبن ــ حكوومەتی هەرێم و پارێزگاری دهۆك لەگەڵ داهاتنی وەرزی سەرماوسۆڵ، هەڵساون، كەلوپەلی زستانە و سووتەمەنی بەسەر ئاوارەكانی گشت كەمپەكاندا دابەش کردووە. شەپۆلە بەفرێکی قورسیش وا هەرێمی كورستانی گرتووەتەوە و، زۆربەی ناوچەکانی سپیپۆش کردووە."
شیمال عادل میرۆ گوتیشی: "داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكەین بڕی سووتەمەنی بۆ پارێزگای دهۆك زیاد بكەن، لەبەر ئەوەی ڕێژەی دانیشتووانی دهۆك لەبەر ئاوارە دوو ئەوەندەی جارانە؛ داوا لە حكومەتی عێراقیش دەكەین ڕاستەوخۆ هاوکاری بگەیێنن بەو ئاوارانەی لەبەر خەمساردیی سوپاکەی عێراقەوە ئا وایان بەسەردا هاتووە. داوا لە كۆمەڵگای نێودەولەتییش دەکەین هاوكارییەکی زیاتری حكوومەتی هەرێم و، پارێزگای دهۆك بكەن لە بەهانەوەچوونی ئەو ئاوارانەدا."
نەشوان بەرزنجی




