٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەم‌نزیکانە، مووچەی مانگی یانزە دابەش دەکرێت... بایی 3ملیار دۆلارێک نەوت فرۆشراوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەم‌نزیکانە مووچەی مانگی یانزە دابەش دەکرێت و، بەر لە هەمووان مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دەدرێت؛ حکوومەتی هەرێم لە مانگی 5 پارەوە، دەستی کردووە بە فرۆشی نەوت و، تا ئێستا زیاتر لە 42 بارە کەشتی نەوتی فرۆشتووە، کە دەکاتە نزیکەی 3 ملیار دۆلار.

(سەفین دزەیی) وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەم‌‌نزیکانە مووچەی مانگی یانزە دابەش دەکرێت و، یەکەم وەزارەتیش کە مووچە وەردەگرێت وەزارەتی پێشمەرگەیە.  هەڵبەت هێشتا وادەی دابەشکردنەکەی دیار نییە، بەڵام وا زەمینەکەی خۆش دەکەین و، لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە دابەش کردنی مووچەی مانگی یانزە دەکرێت."
دزەیی گوتیشی: "بۆ دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم، پێویستمان بە 850 ملیار دینارە، من ناتوانم بڵێم کامە ڕۆژ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێتەوە، چونکە وەزارەتی دارایی خشتەی داناوە و، ئەوان ڕایدەگەینن، بەڵام ئەوەی من بزانم لەو ماوەیە مووچەی مانگی یانزە دابەش دەکرێت".
دەربارەی فرۆشی نەوت و داهاتەکەیشی، وتەبێژی حکوومەت گوتی: "حکوومەت بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوت، بەڵام بە پێی ئەو ڕێکەوتنەی لە نێوان هەولێر و بەغدا کراوە کە حکوومەتی هەرێم لە سەرەتایی ساڵی 2015 ڕێکەوتنەکەی جێبەجێ کردوون نەوتی هەرێم کەم بووەتەوە. خۆی حکوومەتی هەرێم لە مانگی پێنجی پارەوە، بە لوولەنەوتەکەی هەرێم‌تورکیادا نەوتی ناردووەتە بەندەری جەیهان و، فرۆشتوویەتی. تا ئێستایش 42 کەشتی نەوتمان فرۆشتووە، کە دەکاتە نزیکەی 3ملیار دۆلار."
وتەبێژی حکوومەت ئاشکرایشی کرد، لەبەر ئەوەی حکوومەتی عێراق بەشە بوودجەی پاری هەرێمی کوردستانی بڕیبوو، کوردستان تووشی قەیرانی دارایی بووبوو، بەڵام بە داهاتی ناوخۆ و، فرۆشی نەوت، قەیرانەکەی بەرزەفت کرد."

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار