مووسڵ..داعش سزای دەروونی و جەستەیی هاووڵاتیان دەدات

مووسڵ-KDP.info-لە مووسڵ داعش بە جارێ خەڵکی هەڕاسانکردوون و ئەمڕۆیش بڕیارێکی نوێی بۆ هاووڵاتیانی مووسڵ دەرچوواندووە ئەوانەی جگەرە بکێشن یەکڕاست پەنجەیان دەبڕنەوە.
بەرپرسی لقی چوار دەی پارتیی دیموکراتی کوردستان (عیسمەت رەجەب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، داعش بڕیار و رێنمایی نوێیی بۆ خەڵکی مووسڵ دەرکردووە کە، پێویستە ئافرەتان جلێک لەبەر بکەن لە سەریان تاوەکو دەگاتە گۆزینگی پێیەکانیان بێت و پێویستە دەستەوانە و گۆریەش لەپێ بکەن و نابێت جلەکان سەرنج راکێش بن و بەھیچ شێوەیەک ناکرێت ئافرەتان کە دەچنە دەرەوە بۆن لەخۆیان بدەن.
بەرپرسی لقی چوار دەی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتیشی، داعش بڕیاریداوە ھەر کەسێک جگەرەبکێشیت پەنجەکانی دەبڕنەوە و ئەمڕۆش لە ناوچەی باب جدیدە لەلای راستی شاری مووسڵ لەبەر چاوی خەڵک پەنجەی ھاووڵاتییەکیان بڕیەوە، لەبەر ئەوەی جگەرەی کێشاوە.
جێی ئاماژەیە، تیرۆریستانی داعش لە رووی مەعنەوەی و جەستەییەوە بەردەوامن لە سزادانی هاووڵاتیانی ئەو شارە.
بڵند ئیبراھیم




