شنگال..پێشمەرگە پشتی داعشی شکاندووە..رێگایەکی سەرەکیی لێ گرتوە

شنگال-KDP.info- ئەندامێکی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە شنگال (مەحما خەلیل) رایگەیاند کە، لە قۆڵی شنگال پێشمەرگە پشتی داعشی شکاندووە کە، رێگایەکی سەرەکی لێگرتووە و بەمەیش داعش ناتوانێت لە مووسڵەوە بۆ سوریا وەکجاران هاتوو چۆ بکات.
ئەندامێکی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە شنگال (مەحما خەلیل) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لە دوو رێگای سەرەکییەوە ھاوکاری و پاڵپشتی بۆ داعش دەھات لە قۆڵی شنگال، بەڵام بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی رێگای نێوان تەلەعفەر بۆ شنگال لەلایەن ھێزی پێشمەرگە لەئێستادا ھاوکاری و پاڵپشتی بەداعش ناگات و پێشمەرگە لە هەوڵی زیاتر دایە کە گشت رێگاکان بەیەکجاری لە داعش بگرێت.
(مەحما خەلیل)گوتیشی، رێگایەکی دیکە ھەیە لە رۆژئاوای شنگال پێویستە ئەوەیش کۆنتڕۆڵ بکرێت بەمەیش ھیچ ھاوکاریەک بە داعش ناگات و پلانی باش ھەیە بۆ ئەوەی ئەو رێگایەش کۆنتڕۆڵ بکرێت.
(خەلیل) ئاماژەیشی کرد، ھێزی پێشمەرگە لە شنگال بەردەوام لە پێشرەوی دایە و زیانی زۆری بە داعش گەیاندووە و ئیدی رێگا نادەن پێشڕەوی بکەن.
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو، ئەمیری داعش (ئەبوبەکر بەغدادی) خۆی باسی لەو رێگایە کردووە گوتوویەتی پێویستە ئەو رێگایە بگرینەوە، چونکە بۆ ئەوان زۆر گرینگە بۆ ئەوەی ھاوکاریەکانیان رەوانە بکەن، لەڕووی سەربازی و ئابووریشەوە ئەم ریگایە پشتی داعشی شکاندووە کە ناتوانن جوڵەی لێ بکەن.
بڵند ئیبراھیم




