ڕەنگە لەبەر ڕوداوەکانی پاریس چەکی قورس بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت

ههولێر-KDP.info-چاوەڕوان دەکرێت لە دوای ڕوداوەکانی پاریس، وڵاتانی ئەورووپا زیاتر ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکەن؛ نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکیەتیی ئەورووپا دەڵێت، ڕەنگە لە دوای ئەو ڕوداوانە بڕیار بدرێت چەکی قورس بۆ ھەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
(دلاوەر ئاژگەیی) نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکیەتی ئەورووپا بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئەورووپا سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەوەن کە چۆن ڕوبەڕووی تیرۆر ببنەوە و، ڕەنگە دوای ئەوەی ئەو ڕووداوانەی فەرەنسا، ھەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە و، بڕیارە 19ـی ئەم مانگە وەزیرانی دەرەوەیان لە برۆکسلدا کۆ ببنەوە بەشکەم ستراتیژیەکی ھەمەلایەن دابڕێژن بۆ چۆنیەتیی بەرپەرچدانەوەی تیرۆر."
(دلاوەر ئاژەگەیی) گوتیشی: "ئەم ھەنگاوە کاریگەری ئەرێنی بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە یەکیەتی ئەورووپا کە بڕیار دەدەن لە دوو جەبهەوە دەبێت ئەوەیش لە ناوخۆ و دەرەوە؛ لە دەرەوەیشدا ئەوەی تا ئێستا داعشی تێک شکاندبێت ھێزی پێشمەرگە بووە و، سوپای عێراق دەرەقەتی داعش نایەت."
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکیەتیی ئەورووپا ڕوونیشی کردەوە، یەکیەتیی ئەورووپا ھەر ھەنگاوێک بنێت، دەبێتە پاڵپشت بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە ھەرێمیش بەشێکە لەو ھاوپەیمانیەی لە دژی داعش پێک ھێندراوە.
(دلاوەر ئاژەگەیی) ڕایشیگەیاند، سەرەتا ھەرێمی کوردستان پێویستی بە چەک ھەبوو، بەڵام ئێستا پێویستی بە چەکی قورس ھەیە؛ ئەوەیش پێویستی بە کۆرس و ڕاھێنان ھەیە بە ھێزی پێشمەرگە بۆ چۆنیەتیی بەکارھێنانی ئەو چەکانە کە پێشکەوتوونە، ئەمەیش بە حەفتە و مانگ نابێت و، کاتی زۆری دەوێت."
دەیشڵێت: "کاتێک بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپا سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد، سەرۆک بارزانی گوتی کە زۆرینەی قوربانیانی ھێزی پێشمەرگە بە ھۆی مینەوە بوو، بۆیە بەڵێنی دا کە گەڕایەوە شێلگیرانە کاری لێ بکات، چونکە ئەوان تەکنەلۆژیای باشیان ھەیە و، هەقە ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکەن."
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکیەتی ئەورووپا پێی وایە وڵاتانی یەکیەتیی ئەورووپا ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان دەکەن و، چەکی قورسی بۆ دابین دەکەن.
(عەرەفات کەرەم) ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ڕووداوەکانی پاریس کاریگەری گەورەی دەبێت بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەورووپا ھاوکارییەکی زیاتری ھەرێمی کوردستان بکەن، چونکە وڵاتێکی وەکو فەرەنسا کە پایتەختی ڕۆشنبیری و گەشتیارییە کە جەرگی ئەورووپایە کاریگەری لەسەر ئابڕووی ئەو وڵاتە دەبێت، بۆیە وا دەکات ھەوڵی زیاتر بدرێت ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
(عەرەفات کەرەم) گوتیشی، ھەرچەندە ڕەنگە بەغدا ڕێگری بکات، بەڵام تیرۆر ھیچ سنوورێکی نەھێشتووەتەوە و، ڕەنگە یەکیەتیی ئەورووپا و ئەمەریکایش چەک بدەن بە ھەرێمی کوردستان.
ھەروەھا ڕایشیگەیاند، وەک پێویست ھاوکاریی ھەرێمی کوردستانیان نەکردووە؛ داھاتی داعش زۆرە ــ دەگاتە دووملیار و250ملیۆن دۆلار ــ دەتوانێ چەکی باشی پێ بکڕێت؛ ھیچ ڕێکخراوێکی تیرۆرستی ئەو دەسەڵاتەی نییە و، زۆر وڵاتیش لەبەر خۆی ئامادەیە چەکیان پێ بدات.
بڵند ئیبراھیم




