سەرچاوەیەكی باڵای سەربازی لە فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم: داعش چەكی میلانی بەكار نەهێناوە

هەولیر-تایبەت بە kdp.info
سەرچاوەیەكی باڵای سەربازی لە فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ڕایگەیاند ئێوارەی هەینی 9-1-2015 تیرۆریستانی داعش هێرشێكی بەرفراوانیان لە میحوەری گوێر كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە. ئەو هێرشە بەرفراوانە بە درێژایی دەیان كیلۆمەتر لە گوندی جارللا و سوڵتان عەبدولا هەتا گوێر لە لایەن تیرۆریستانی داعش دەستی پێكرد. لە ئەنجامی شەڕ و بەرخودانێكی قارەمانانەی پێشمەرگە كە نزیكەی شانزە كاتژمێری خایاند سەرجەم هێرشەكانی داعش لە گشت خاڵەكانی تەماسی ئەو میحوەرە تێكشكێندران و تیرۆریستان زیانێكی زۆریان پێگەییشتووە و ژمارەیەك لاشەیان لێ بەجێماوە. ئەو سەرچاوەیە ڕایشیگەیاند كە داعش هەموو تواناكانی بۆ سەركەوتن لەم شەڕەدا بەكار هێنابوو بەڵام لە ئەنجامدا تووشی شكست بوو و پاشەكشەیان پێ كراوە و بەرەو مۆڵگەكانیان هەڵاتوون. هەروەها ئەو سەرچاوەیە ڕەتیكردەوە كە داعش چەكی میلانی بەكار هێنابێت و ئاماژەشی بەوەدا كە لە گوندی سوڵتان عەبدوللا شۆڤەلێك و هەمەرێك و بارهەڵگرێكی مینڕێژكراوی تیرۆریستانی داعش بەر لەوەی لە هێزەكانی پێشمەرگە نزیك ببنەوە لە لایەن هێزی پێشمەرگە تەقێندراونەتەوە.




