شنگال..پێشمەرگە رێگەی هاتوچۆی داعشی لە مووسڵ بۆ سوریا گرتووە

شنگال-KDP.info-فەرماندەی میحوەری شنگال دەڵێت، ھێزی پێشمەرگە لە شنگال گورزی کوشندەیان لە داعش وەشاندووە و رێگای مووسڵ بۆ سوریایان لە داعش قەدەغەکردووە و رێگا نادەن بەو رێگایە ھاتووچۆ بکەن، جەختیشی کرد کە، پلانی باشیان بۆ ئازادکردنی شنگال ھەیە.
فەرماندەی میحوەری شنگال عەمید (بەھرام عەریف یاسین) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ رەوشی شنگال ھەندێک لە رۆژانی رابردوو ئارامترە و تەنھا یەکتری تۆپباران دەکەن و ھیچ ھێرشێک نەبووە و تەنھا دوێنێ دوو ھێزیان بۆ ھاتبوو ھەوڵیاندا ھێرش بکەن، بەڵام ھێزی پێشمەرگە بە تووندی بەرپەچیان دانەوە وھێرشەکەیان تێک شکاندن.
فەرماندەی میحوەری شنگال گوتیشی، رێگای لە مووسڵ بۆ سوریا دەچێت لە ئەوان نزیکە ورێگە نادەن داعش لەو رێگەیە ھاتووچۆ بکات و قەدەغەیان کردووە و دوێنێ ئۆتۆمبلێکی جۆری تەنکەر لەو رێگەیەوە ھات ھێزی پێشمەرگە لێیدان و ئاگریان تێ بەردا.
(بەھرام عەریف یاسین) راشیگەیاند، ماوەی دوو رۆژە ھێزی پێشمەرگە ھیچ ھێرشێکی ئەنجامنەداوە، بەڵام پلانی زۆر باش ھەیە بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا شنگال لە دەستی داعش رزگاربکەن.
بڵند ئیبراھیم




