وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا: ئەفسەرانی ئیتاڵیا لە هەرێمن و مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە دەکەن

ئیتالیا-KDP.info-وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، هێرشەکەی سەر گۆڤاری چارلی هێبدۆی سەرکۆنە کرد..هاوکات پشتگیری وڵاتەکەی بۆ پێشمەرگە دووپاتکردەوە و گوتیشی کە، ئەفسەرانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان مەشق و راهینان بە پێشمەرگە دەکەن.
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا (پاولۆ جێنتیلۆنی) ئاشنایە بە هەرێمی کوردستان و پێشووتر لە 23-12-2014 سەردانی هەولێری کردووە، هاوکات لە ئێستایشدا رایدەگەیەنێت کە وڵاتەکەی ئاماددەیە کە زیاتر پشتی پێشمەرگە لە دژی تیرۆریستانی داعش بگرێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی ansamed وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا (پاولۆ جێنتیلۆنی) بە هێرشەکەی سەر گۆڤاری چارلی هێبدۆ زۆر نیگەران بووە و لە لێدوانێکدا ئاماژەی کردووە کە پێویستە بە هەموو لایەکەوە لەسەر زەوی هێرش بکرێتەوە سەر تیرۆریستانی داعش.
(پاولۆ جێنتیلۆنی) دەڵێت، هێرشی سەر گۆڤاری چارلی ئەبدۆ هێرشێک بوو بۆ سەر هەموومان و هەڕەشەیەکیشە لە هەموومان.هەروا رایگەیاند کە، پێویستە لەسەر زەوی رووبەڕووی داعش ببینەوە و تواناکامان زیاتر یەکبخەین هێرش بکەینە سەر تیرۆریستانی داعش.
پێوەست بە رۆڵی ئیتاڵیا لە روبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، وەزیری ئیتاڵیا بەبێ ئەوەی ناوی عێراق بێنی یەکڕاست باسی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستانی کردووە و رایگەیاندووە کە، ئەفسەرانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستانن و مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن وەک گوتی" لە دژی تیرۆریستانی داعش بە چەندین رێگەی جیاواز یارمەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستانمان داوە، ئەفسەرانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن، بەڵام وەک رووبەڕووبوونەوەی سەرزەوی سەربازانمان بەشداری جەنگیان نەکردوون. وێڕای ئەوەی کە جەختی کرد کە بەجیددی پشتی هێزی پێشمەرگە لە دژی تیرۆریستانی داعش دەگرن، هاوکات داوایشی کرد کە پێویستە زیاتر رووبەڕووبوونەوەی داعش ببنەوە".
ئیتاڵیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆریستانی داعش، یارمەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی داوە و مەشق و راهینان بە هیزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات.
شاو کوردی




