دڵشاد شەعبان: ئەممانگە دوو مووچە دابەش دەکرێن..بەغدا 750 ملیار رەوانە دەکات

هەولێر-KDP.info-حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەکاری کردووە ھەفتەی داھاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11بکات و ھەر لەممانگەیشەوە کاتێک بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەکات، کە 750ملیار دینارە، مووچەیەکی دیکەش دابەش دەکات.
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (دڵشاد شەعبان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بەگوێرەی بەدواداچوونی ئیمە حکوومەتی هەرێم ئامادەکاری کردووە بۆ ئەوەی لە هەفتەی داهاتوودا دەستبەدابەشکردنی مووچەی مانگی 11-ی فەرمانبەران بکات، هەروا هەر کاتێکیش بەغدا بودجەی هەرێمی لەو مانگەدا رەوانەکرد ئەوا یەکڕاست مووچەیەکی دیکەش دابەش دەکات.
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، بە گوێرەی یاسای وەزارەتی دارایی تا پەسەندکردنی بودجە، ئەوا 1 لە 12-ی بودجە خەرج دەکرێت، بەڵام عێراق کیشەی سیولەی هەیە بۆیە 1 لە 18-ی بودجە خەرج دەکات و بەو شێوەیەش پشکی هەرێم 750 ملیار دینار دەبێت.
هەروا گوتیشی، لەو مانگەدا لەکاتی رەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەو مانگە دوو مووچە دابەشدەکرێن و مانگی داهاتوویش هاوشێوەی ئەو مانگە دوو مووچەی دی دەدرێت و بەو شێوەیەش کۆتایی بە کێشەی مووچە دێت.
بڵند ئیبراھیم




