بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە قۆناخی کۆتاییدایە..پەرلەمان لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە دانیشتنی بۆ دەکات

هەولێر-KDP.info-سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتیی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان چاوەروانی تەواوبوونی پرۆژەیاسایی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەین کە حکوومەتی هەرێم سەرقاڵیەتی و گەیشتوون بە قۆناخی کۆتایی..جەختیشی کرد کە، پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ ساز دەکات و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاساکە دەکەین و دواتر بۆ خوێندەنوەی دووەم و پەسندکردنی دەچیینە هەڵەبجە و لە مۆنۆمێنتی شەهیدان، کۆبوونەوەی خۆمان دەکەین.
سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان (ئومێد خۆشناو) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، "ئەو قودسییەتەی هەڵەبجە هەیەتی کە بریاری بە پارێزگابوونی دراوە، ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوانی تەواوبوونی پڕۆژەیاسایی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەین کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ دەکرێت و لە قۆناخی کۆتاییدایە و بەو نزیکانەیش کە لە ئەنجوومەنی وەزیران تەواو دەبێت، پرۆژەکە رەوانەی پەرلەمان دەکەن و ئێمەیش کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ سازدەکەین، هەروا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکە دەکەین و دواتریش بۆ خوێندنەوەی دووەم و پەسندکردنی و دەرچوونی بریارەکە، پەرلەمانی کوردستان دەچێتە هەڵەبجە و لە مۆنۆمێنتی شەهیدان لە هەڵەبجە کۆبوونەوە ساز دەکات.
پێوەست بە چۆنیەتی هەڵبژاردنی مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە کە پەرلەمان کۆبوونەوەی لەوێ ساز بکات، (خۆشناو) گوتی: "بریاروایە لە مۆنۆمێنتی شەهیدان لە هەڵەبجە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، هەم وەکو موژدەیەک و هەمیش وەکو بەخشینی ئەو دیارییەی بوون بە پارێزگایی هەڵەبجە لەوێدا بە شایستە دەزانرێت کە رابگەیەنرێت".
سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان زیاتر گووتی: "چاوەروان دەکەین هەفتەی دادێ یەک شەممە یان دووشەممە ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەکە رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکات، ئەوکات لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکەین، دواتریش دەبێت لەماوەی 48 سەعاتدا راپۆرتی بۆ ئامادەبکەین و ئیدی دەچینە هەڵەبجە و لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە کۆبوونەوەکەی بۆ ئەنجام دەدەین.




