شنگال.. پێشمەرگە دوو ئەمیر و 35 داعشی کوشتوون

شنگال-KDP.info- فەرماندەی میحوەری شنگال (بەھرام عەریف یاسین) دەڵێت، گورزی کوشندەیان لە داعش وەشاندووە و تەنھا شەوی رابردوو دوو ئەمیر و 35 چەکداری داعش کوژراون..جەختیشی کرد کە جارێکی دیکە، رێگەنادەن بەهیچ شێوەیەک داعش لەسەر خاکی کوردستاندا پێشڕەوەی بکات.
فەرماندەی قۆڵی شنگال عەمید (بەھرام عەریف یاسین) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ رەوشی شنگال ئارامە، ئەگەرچی دوێنێ شەو تیرۆریستانی داعش بە هەموو هیزێکیانەوە هێرشیان بۆ هێناین، بەڵام یەکڕاست هێزی پێشمەرگەی کوردستان لێیان هاتنە دەست و بەرپەرچیان دانەوە و، تێکیان شکاندن و زیانی گەورەیشیان پێگەیاندوون.
عەمید (بەھرام عەریف یاسین) گوتیشی، لە شەڕەکەی شەوی رابردوودا، پێشمەرگە دوو ئەمیری تیرۆریستانی بە ناوەکانی (ئەبوحەسەن مسری ) و (ئەبوموعتەسم لیبی) و 35 تیرۆرستی دیکەی کوشتوون.
فەرماندەی قۆڵی شنگال روونیشی کردەوە، داعش لەبەر ھێرشەکەی دوێنێ بێورەتر بوون و بۆیان دەرکەوت کە لەتوانایاندا نییە رووبەڕووی هێزەکانی پێشمەرگە ببنەوە.
فەرماندەی قۆڵی شنگال راشیگەیاند،ھەموو شوێنە ستراتیژیەکانی شنگال، بەدەستی هێزی پێشمەرگەیە، ئیدی جارێکی دی بەهیچ شێوەیەک ناهێڵن داعش لەسەر خاکی کوردستاندا پێشڕەوەی بکات، چونکە پێشمەرگە تێکیان دەشکێنێت و لاوازی کردوون. هەروا گوتیشی کە تەنیا هێزی پێشمەرگە لە بەرەی پێشەوەی جەنگن و؛ هیچ هێزێکی دیکە لە بەرەی پێشەوەی جەنگدا بوونیان نییە.
بڵند ئیبراھیم




