پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆیش بۆ تاوتوێکردنی بوودجە كۆ دەبێتەوە

بەغدا-KDP.info-ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران (نەجیبە نەجیب) دەڵێت، دوای ئەوەی دوێنێ ڕاپۆرتی دارایی خوێندرایەوە و گفتوگۆ لەسەر بوودجە كرا، ئەمڕۆیش پەرلەمان كۆ دەبێتەوە و بەردەوام دەبێت لەسەر خوێندنەوەی دووەم لەسەر بوودجە.
(نەجیبە نەجیب) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوتی: "بە پێی كارنامەی دانیشتن، ئەمڕۆیش دیسانەوە پەرلەمان لەسەر بوودجە كۆ دەبێتەوە؛ لە دانیشتنەکەی دوێنێدا پەرلەمانتاران باسی زۆر بڕگە و ماددەیان كردووە، ئەمڕۆیش ئەوانەی ماون گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
(نەجیبە) گوتیشی: "پێشبینی دەكرێت بە هۆی نزیكبوونەوەی لایەنەكان لە ماوەیەكی زوودا بوودجەی 2015 گشتی عێراق پەسەند بكرێت."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاشكرایشی كرد، ئێمە وەك كورد هیچ كێشەیەك لەسەر بوودجەمان نییە و، زۆربەی زۆری كێشەكانی كورد لەناو بوودجە چارەسەر كراون، ئەوەیش هاندەرێك دەبێت بۆ ئەوەی بوودجە زوو پەسەند بكرێت.
بوودجەی 2015ـی عێراق بە 125ترلیۆن دینار خەملێنراوە و، نزیكەی 25ترلیۆنیش كورتی هێناوە.
ڕابین شێروانی




