له پاریسهوه تا كوردستان، ئیدانەی تۆقاندنی ئازادیی بیروڕا دەكەین

ههولێرــKDP.infoــ سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگی ئازادیخوازانی جیهان و، پەلامارە تیرۆریستانەکەی سەر بارەگای حەفتانەمەی (شارڵی ئیبدۆ) لە پاریس و، کوشتنی دوانزە كەس و بریندارکردنی چەند کەسێکی تر، ئیدانە دەکات.
له ڕوونكردنهوه یهكدا سهندیكای ڕۆژنامه نووسانی كوردستان ڕایدهگهیهنێت :"ئەو گروپە جیهادییانە بەم كارە نامرۆڤانەیە، ئەگەر شتێك پیشانی جیهانی بدەن، ئەوا ڕووی ڕاستی ئەم جۆرە ڕێكخراوانەیە، كە هیچ جۆرە پرەنسیپێك و سنوورێك ناناسن و، تەنانەت دەیانەوێ بە هەموو دنیادا ترس و تۆقاندن بڵاو بكەنەوە، ئەمەش ڕۆژگارێكی سەخت دەهێنێتە پێشەوەو ڕووبەرووی بەرەنگاری توندی ئازادیخوازان و بەهاكانی ئازادی ڕادەربڕین دەبنەوە".
لهو ڕوونكردنهوهدا هاتووه: لە كاتێكدا كارێكی تیرۆریستی لە پاریس لە دژی ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێت و، لە هەندێك شوێنی دیكەی جیهانی ئیسلامی و عەرەبیش هەندێك لە رێكخراوەكانی ئیسلامی سیاسی دژایەتی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی دەكەن و لەگەڵیشیدا ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لەژێر پەردەی كولتوورێكی كۆندا دەیەوێ هەموو ئازادییەكان كۆت و بەند بكات و سەردەمانی كۆنی كۆیلایەتی و تەپەسەركردن، بكاتە مۆدێلی نوێی خۆی، بەمەش سوود لە هەست و سۆزی گەلانی ئەم ناوچەیە بۆ ئیسلام وەردەگرن، لە هەمانكاتدا، لە كوردستانیشدا بە بڕوبیانووی جۆراوجۆر دژایەتی دەستەبژێری ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانی كۆمەڵگای كوردستانی و ئازادیخوازانی ڕێگای مافەكانی مرۆڤ و یەكسانی و ئازادی بیركردنەوە و نووسین و بڵاوكردنەوە دەكەن، هەموو جۆرە هەنجەتێكیان پێ دەگرن و، سوود لەو یاسا بەركارانەش وەردەگرن بۆ ئەم مەرامە پڕ لە مەترسییە، كە هێرشی ناڕەوا بۆ سەر ڕۆژنامەنووس و نووسەر (حەمەسەعید حەسەن) لەم ئاراستەیە بەدەر نییە و، هێرشی لەم جۆرەش بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان و بیرمهندان، پێشینەی دوورودرێژی هەیە.
ئهوهش خراوهته ڕوو کە ئەم هێرشە بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی هەفتەنامەی شارڵی ئیبدۆ(Charlie Hebdo) و، هێرشی ناڕەوا بۆسەر ئازادی بیركردنەوە لە كوردستان و ناوچەكەدا، هەمان ئامانج و سەرچاوەی بیركردنەوەی لە پشتە، ڕەوشێكی نوێ هاتووەتە پێش كە دەخوازێت دەسەڵاتی سیاسی لە وڵاتەكان و كۆمەڵگاكانمان بە گشتی لە دژی ئەم بارە نوێیە بەئاشكرا بەرەی ئازادیخوازان هەڵبژێرن و بەرەی تیرۆریستانی فكری و جەستەیی ڕیسوا بكەن.
سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان بەناوی ڕۆژنامەنووسانی كوردستانەوە هاوخەمی خۆی دەگەێنێتە گەل و هاوكارانمان لە ڕۆژنامەنووسانی فەرەنسی و خانەوادەی ڕۆژنامەنووسە تیرۆركراوەكان، هیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەكان دەخوازێت.
هەروەكو ڕۆژنامەنووس (ستیفان شاربۆنێر ــ شارب) سەرنووسەری هەفتەنامەی (شارلی ئیبدۆ)، لە وتارێكیدا لەژێر ناوی (كوردەكان هەموومان دەپارێزن)دا دەڵێت: (ئەوان تەنها کورد نین، ئەوان تەواوی مرۆڤایەتین و خەبات دەکەن دژی تاریکی و دۆزەخ.)
رێگا لە كاروانی ئازادیخوازی ناگیرێ
ئهنجوومهنی سەندیكای
ڕۆژنامەنووسانی كوردستان
7/1/2015




