د. ئازاد حه‌وێزى: داعش بیانییه‌كان دەدەن به كوشت

هه‌ولێر-KDP.info- گوته‌بێژى هێزى زێره‌ڤانى دەڵێت، داعش توانا سەربازییەکەی جارانیان نه‌ماوه و، به‌رانبه‌ر به هێزى پێشمه‌رگه زەمینگیر بوونە؛ هەڵبەت وا خەریکە تاكتیکى نوێ دەخەنە کار.
(د. ئازاد حه‌وێزى) گوته‌بێژى هێزى زێره‌ڤانى، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتیى ڕاگه‌یاند: "ئه‌وه‌ى تێبینى ده‌كرێت داعش شکستێكى زۆرى پێوه دیاره و، خه‌ڵێكى زۆریان لێ جیا بووەته‌وه، ئاخر لە سیاسه‌تە چەوتەکەیان تێگەیشتوونە و، زانیویانە نه خزمه‌ت به دینى ئیسلام دەکا و، نه خزمه‌ت به سوننه‌كان؛ جارجارێ لێره‌وله‌وێ ده‌یانه‌وێت خۆیان دەرخەن و، بڵێن هەین، به‌ڵام له‌و چه‌ند حه‌فته‌یەدا زیانی وایان پێ کەوتووە، لە وێنەی نەبووە؛ هه‌ر هێرشێكیان کردووە، تێک شکاون؛ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى وره‌ى خۆیان، بیانییەکان دەنێن بە کوڵکی پێشمه‌رگه‌وه، بە حیسابی خۆیان تاكتیكیان به كار هێناوه، ده‌یانه‌وێت بە بیانییەکان شه‌ڕى پێشمه‌رگه بکەن. لەبەر ئه‌وەی لە نه‌خشه و پلانى پێشمه‌رگه سەر دەرناکەن، بە خۆكوژى ده‌یانه‌وێت شه‌ڕى مان و نه‌مان بكه‌ن."
گوتیشی: "داعش ئەوە شه‌ش مانگه شه‌ڕ ده‌كه‌ن، وا چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیان پێ نامێنێت؛ به بڕیارى نێوده‌وڵه‌تى هه‌موو ڕێگایەکی هاوكارییان لێ گیراوه، پێشمه‌رگەیش سنوورێكى فراوانى خۆى ئازاد كردووەته‌وه؛ داعش ئێستا دەستەپاچەیە و، زەمینگیر بووە؛ جاروبار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى وره‌ی خۆیان، لێرەولەوێ پەلامارێک دێینن، به‌ڵام ناگەنە ئامانجى گڵاویان ".




